بەرهەمەكەی مەسروور بارزانی لە ئەمەریكا پێگەیشت

:: PM:04:31:16/04/2024 ‌
لە پاڵ سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریكا، خەڵكی كوردستان بۆیان ئاشكرا بوو كە سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە كۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ رێی چوونی سوودانی بۆ ئەمەریكا گوڵڕێژ كرد و هۆكاری سەرەكی بوو بۆ چارەسەری كێشەكان. 

كۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەگەڵ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەمەریكای كرد و چەندان دیداری گەورەی سیاسیی ئەنجام دا، كۆبوونەوەكانی سەرۆك وەزیران دەرخەری ئەوە بوون كە كورد هێشتا لە پێگەیەكی بەهێزدا ماوەتەوە.

هەر ئەو سەردانەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ ئەمەریكا، كلیلی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدای هێنا و دەرگاكانی كردەوە، بۆیە پێش چوونی سوودانی بۆ ئەمەریكا /هێشتا لەوێیە/ بەشێك لە كێشە داراییەكان چارەسەر كران. 

بەشێك لە چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ئەو سەردانەی مەسروور بارزانی بووە هۆی چارەسەری كێشەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، سەردانی ئێستەی سوودانیش بۆ ئەمەریكا تەواوكەری چارەسەری كێشەكان دەبێت بەتایبەت كە لە ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی بایدن و سوودانی كە لە سایتی كۆشكی سپی و لەلایەن نووسینگەی سوودانی بڵاوكرایەوە، باس لە پرسی هەناردەکردنەوەى نەوتی كوردستان و چارەسەركردنی مووچە كراوە.

ئەوەیش بەڵگەیەكی ترە كە بەرهەمی سەردانەكەی مەسروور بارزانی بۆ ئەمەریكا، نەك تەنیا چارەسەری كێشەكانی لێ‌ كەوتەوە، بەڵكو سەقامگیریی بۆ عێراقیش هێنا. 

كۆشكی سپی لەبارەی هەرێمی كوردستان بڵاوى کردەوە، بایدن و سوودانی لەسەر ئەوە كۆك بوون كە بەهێزیی هەرێمی كوردستان، بە واتای بەهێزیی هەموو عێراق دێت و هەرێم بەشێكە لە بەغدا، لەم چوارچێوەیەشدا جۆ بایدن دەستخۆشی لە هەوڵەكانی هەردوولا كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان.

"نێچیرڤان كەلاری" چاودێری سیاسی نووسیویەتی، با تۆزێك بە وردی و بێلایەنانە، سەرنج بدەینە ئەم چەند دێڕە، لە راگەیەنراوە هاوبەشەكەی، كۆبوونەوەی (بایدن - سوودانی) كە دەڵێ‌، سەرۆك بایدن، هەوڵەكانی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەكان، بە تایبەتی پێدانی دوو مووچە بە مووچەخۆران و فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرز نرخاند و بایدن پاڵپشتی ئەمەریكای، بۆ هەڵبژاردنێكی ئازاد، دادپەروەر و شەفاف، لە هەرێمی كوردستان، دووپات كردەوە.

هەروەها دەڵێ‌، دواتر، با ئەم پرسیارانە، لە خۆمان بكەین، كێشەی مووچە چۆن چارەسەر بوو؟ كێ خاوەنی راستەقینەی دەستكەوتەكانە؟ هەڵوێست و نیگەرانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی هەڵبژاردنەوە، چی بوون؟ ئینجا تێدەگەین، ئەمانەتی ئەم گەلە، دەبێت لە چ دەستێكدا بێت.


وشە - وشه‌