لە گەرمیان پۆندی سەرقزڵیش تەواو بوو

:: PM:06:20:18/04/2024 ‌
پۆندێكی گرنگ لە سنووری گەرمیان كارەكانی تەواو بوو، نزیكی سێ لەسەرچواری  قەبارەكەی ئاوی تێدا كۆكراوەتەوە، بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگی ئاوی ئەو شوێنە.

سەرقزڵ گوندیكە، كەوتووەتە شارەدێ قۆرەتوو، شارۆكەی خانەقین، ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای سلێمانی، سەرقزڵ دەكەوێتە بناری شاخی بزێنان (بێشكان)لە باكور هاوسنوورە لەگەڵ گوندی چواركڵاوی خواروو و لە باشوور لەگەڵ گوندی مەحموودقەجەر و لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ گوندی قلمە لە شاری سەرپێڵی زەهاو لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی سەی كەوەن هاوسنوورە.

ساڵی رابردوو حكوومەت بە بڕی 775 ملیۆن دیناری دیاری كرد بۆ دروستكردنی پۆندێك لەو ناوچەیە و 53%ـی كارەكانی تەواو كرا، بەشێكی كارەكانی بۆ ئەمساڵ مایەوە.

كاروان سەباح بەرێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاو بڵاوی كردووەتەوە، ئێستە پۆندەكە تەواو بووە  و نزیكی سێ لەسەر چواری قەبارەكەی ئاوی تێدا كۆكراوەتەوە، ئەو گوندەی جاران تەنیا ئومێد و سەرچاوەی مانەوەیان بیرێكی دەستی بوو ئێستە دەریاچەیەك بە نزیكی ملیۆنێك مەتری سێجا  ئاویان لەبەردەست دا دەبێت.
  
حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زۆری بە پاراستنی سامانی ئاو داوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو چەندین بەنداو  و پۆندی دروست كردووە.



وشە - رامیار جەواد