زانا مەلا خالد: پەیامی پارتی هەڵبژاردنێكی پاك و دوور لە دەستوەردان و پیلانی پێشوەختەیە‌

:: PM:07:47:18/04/2024 ‌

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی رێكوپێك و بێ كێشە و بە بەشدارییەكی گەورەی جەماوەری لە وادەی خۆی بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە چەند ساڵی دوایی بەهۆی دۆخێكی سەپێنراودا هەڵبژاردن دوا كەوت، بابەتەكە قۆزرایەوە و ئێستەش هەوڵێك هەیە دوور لە خواست و بەرژەوەندییەكانی هەرێم و هاووڵاتییانی هەڵبژاردنێكی پێشتر ئەنجام دیاریكراو بێتە سەپاندن، لەو ناوەدا پرسیارێك هاتووەتە ئاراوە ئاخۆ ئەو هەڵبژاردنە دەكرێت؟

زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوایین خولی پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕەی خۆی و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا نووسیویەتی، هەڵبژاردن مافی خەڵكە و كەس پیادەكردنی ئەو مافە لە گە‌لی كوردستانی زەوت ناكات، سەرۆك بارزانی لە ساڵی 1992 یەكەم سەركردەی سیاسیی گەلی كوردستان بوو كە بووە فریادڕەسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پیادەكردنی ئەو مافە دیموكراسییە بۆ گەلی كوردستان.
 
ئاماژەی كرد، لە 3ی 11ی 2021ەوە و ساڵێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دەستپێشخەریی بۆ لایەنە سیاسییەكان كرد كە ئەگەر تێبینییەكیان لەسەر یاسای هەڵبژاردن یان پرسی كۆمسیۆن هەیە، ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك و پێشنیازەكانیان نییە.

مەلا خالید دووپاتی كردەوە، دۆخی ناوخۆیی هەندێك لایەنی سیاسی و ترسی دۆڕان لە هەڵبژاردن، هاوكار نەبوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەرئەنجام هەموو هەوڵێكیان دا بۆ ئەوەی پەرلەمان پەك بخەن و نەهێڵن گرفتەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بێت، لە دانوستاندنەكانمان هەر جارەی بیانوویەك زیاد دەبوو بۆ ئەوەی لەگەل پارتی رێك نەكەون و سیاسەتی كاتكوشتن پێڕەو بكەن، تا پرۆسەكە دەگەینن بەو كاتەی كە بەڵێنێكیان لەلایەن دۆستە دژەكوردستانییەكانیان پێ درابوو كە یاسای هەڵبژاردن بە نایاسایی بگۆڕن و پێشێلی دەستوور لە دەستەبەریی مافی پێكهاتەكان بكەن و رۆڵی دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بەلاوە بنێن، وەك ئەوەی خۆیان دەیانەوێت (كاڵا بە بەرگی باڵای خۆیان) بدوورن. 

ئاماژە دەكات، رەتكردنەوەی ئەو سیستمە نایاسایی و نادەستوورییە لەلایەن پارتییەوە، رەتكردنەوەی فەرزی ئیرادەی دەرەكییە بەسەر ئیرادەی گەلی كوردستان، ئەوان ئەوێ رۆژێ دەیانگوت ناهێڵین سندووقی هەڵبژاردن لەو دیوی دێگەڵە دابنێن، ئێستە دەڵێن سندووقی هەڵبژاردن لە ناو ماڵی خۆمان دادەنێین، دەیانگوت هەڵبژاردن رەهەندی نیشتمانی و یاسایی هەیە و پێویستی بە (سازان) هەیە، ئەگەر سازان نەكرێت، نابێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئێستە دەڵێن هەڵبژاردن تەنیا كۆمسیۆن لێی بەرپرسیارە و هیچ رێگرییەك بۆ ئەنجامدانی نییە.
 
"بۆیە ئەو راستییە دەبێت بزانرێت كە هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە و پەرلەمانیش بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی گەلی كوردستانە و پارتی پشكی شێری لەو خەبات و قوربانیدانە بەر كەوتییە، بۆیە برادەران دەبێت ئەوە بزانن كە هەڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مەڵبەند و كۆمیتەكان نییە تا بە تاكلایەنە بەڕێوەی ببەن و پارتی و زۆرینەی گەلی كوردستان تەماشاكار نابێت و بەرهەم و قوربانیدان و ئەزموونەكەمان تەسلیم بە دەستێكی نائەمین ناكرێت، پەیامی پارتی و ئامادەیی بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و دوور لە دەستوەردان و پیلانی پێشوەختە بۆ ئەنجامەكانی روونە"، زانا مەلا خالید وای نووسیوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل