گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا: لە سەرووی 18 سعات كارەبا بە هاووڵاتییان دەدەین

:: PM:08:50:18/04/2024 ‌

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت كە بەهۆی كەمبوونەوەی خواست لەسەر بەكارهێنانی رۆژانەی كارەبا، ئێستە وەك تێكڕا لە سەرووی 18 سعات كارەبا بە هاووڵاتییان دەدەن، دووپاتی كردەوە كە توانای بەرهەمهێنان وەك خۆیەتی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی نیسانی 2024، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لەم وەرزەدا خواست لەسەر كارەبا كەم دەبێتەوە و هاووڵاتییان ئامێرە كارەباییەكانی گەرمكەرەوە بەكار ناهێنن، بەو هۆیەوەش پێدانی كارەبای زۆر دەبێتەوە، تا ئەو كاتەی جارێكی تر خەڵك ئامێری فێنككەرەوە بەكاردێنن و خواست لەسەر كارەبا زۆر دەبێتەوە.

زیاتر گوتی، رۆژانە بە تێكڕای 18 سعات كارەبا بە هاووڵاتییان دەدەین، لە هەندێك ناوچە زیاتریشە، ئەو دۆخەش بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی پلەكانی گەرما زۆر بەرز دەبنەوە، چونكە بەرهەمهێنان وەك خۆیەتی و تەنیا خواست لەسەر كارەبا كەمبووەتەوە، واتە تواناكە هەر ئەوەندەیە كە زستان هەبووە.

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم دووپاتی كردەوە، ئێستە بەرهەمی كارەبا لە نێوان 3500 بۆ 4000 هەزار مێگاواتە، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، پێدانی كارەبا بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت و لە كۆتای مانگ پلان بۆ مانگی ئایار دادەنرێت.

لای خۆیەوە ئالان عەلی، هاووڵاتی بە "وشە"ی گوت، لە پێش جەژنەوە كارەبای نیشتمانی زۆر باش بووە و رۆژانە لە سەرو 15 سعات كارەبا هەیە، لەو هەفتەیەش زیاتر بووە.

شایەنی باسە بەهۆی گرنگییەكەی و پێویستی بۆ ژیانی رۆژانەی خەڵك، لە ماوەی رابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی گەورەی بە كەرتی كارەبا دراوە و چەند پڕۆژەی لەو كەرتە جێبەجێ كردووە لە رووی زیادكردنی توانای بەرهەمهێنان و پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییانەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل