سەرۆکی دادگای فیدراڵی ئامادە نەبوو تەوتینچییەکان ببینێت

:: PM:08:57:18/04/2024 ‌
لە سەرەتای ئەم هەفتەیە کۆمەڵێک لە تەوتینچییەکان چوونە بەغدا بۆ دیتنی سەرۆکی دادگای فیدراڵی و گرتنی چەند وێنەیەک و بەکارهێنانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرژەوەنديی خۆیان. بەڵام بینینیان لەلایەن سەرۆکی دادگا رەت کرایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی نیسان، بەپێی ئەو زانیاریيانەی "وشە" لە بەغدا دەستی کەوتووە، زانراوە، ڕۆژی شەمووی رابردوو کۆمەڵێک لە تەوتینچییەکان کە کار بۆ گرووپ و میلیشیاکان دەکەن چوونەتە بەغدا، هۆکاری چوونەکەشیان بۆ سوپاسکردنی دادگا بووە کە کەیسی مووچەی یەکلا کردووەتەوە، بەڵام دادگا  پێی گوتوون ئەوە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە ئەو پارەیە نێردراوە، ئێوە بۆچی هاتوون بۆ ئێرە.

ئەوەیش زانراوە، لە ڕۆژی یەکشەم ئەو گرووپە داوای بینینی سەرۆکی دادگای فیدراڵییان کرد، بەڵام داواکارییەکەیان رەت کرایەوە، هەرچەندە چەپکە گوڵێکی گەورەیان ئامادە کرد، بەڵام بە ناچاری لە پرسگەی دادگا جێیان هێشت.

"وشە" ئەوەیشی زانیوە بەو گرووپە گوتراوە، دادگا لەگەڵ کەسی فەرمی و دانانی کات مامەڵە دەکات، نەوەکو ئێوە.

لە ڕۆژی دووشەم، هەوڵی زۆریان دا لە رێی پەرلەمانتارێکی تەوتینچی شتێکیان دەستکەوێت و بیکەن بە دەستکەوت بۆ سەردانەکەیان، ئەوەشیان بۆ جێبەجێ نەکرا و نەیانتوانی وێنەیەکیش لەگەڵ سەرۆکی دادگا بگرن، بە ناچاری دوای سێ ڕۆژ لە چاوەڕوانی گەڕانەوە.

نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەم دوای چاوەڕوانییەکی زۆر بە تەوتینچییەکان گوتراوە، هەر مامەڵەیەک بکرێ یان نووسراوێک بۆ هەر بابەتێک، ئەوا دادگا لە رێی حکوومەتی ناوەندی بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت نەوەکو ئێوە.

بۆیە تەوتینچییەکان لە گرتنی وێنە و خۆدەرخستنەکەیان بێ هیوا دەبن و دەگەڕێنەوە هەولێر و سلێمانی.


وشە - رامیار جەواد