دادگا ترەمپی بە نۆ هەزار دۆلار سزا دا و هەڕەشەی گرتنی لێ دەکرێت

:: PM:05:46:30/04/2024 ‌
دادگا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و پاڵێوراوی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی، بەهۆی باسکردنی کەیسێکی دادگاییکردن پێش ئەوەی دادگا ڕێگە بدات قسەی تیا بکرێت، بە نۆ هەزار دۆلار سزا دا، ئەگەر بێت و تاوانەکە دووبارە بکاتەوە ئەوا دەگیرێت. 

ئەمڕۆ سێشەم 30ى نیسان ئاژانسی ''ئەسۆشیەتد پرێس'' بڵاوی کردەوە، بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی دادگا، دۆناڵد ترەمپ بە بڕی نۆ هەزار دۆلار سزا درا، ئەمەیش دوای ئەوەی ترەمپ نهێنیی دادگاییکردنەکەی بۆ لایەنگرانی باس کرد، پێش ئەوەی کەیسەکە یەکلایی بووبێتەوە، بۆیە دادگا دووچاری سزایەکی سەختی کردەوە، ئێستە دادگای نیویۆرک هۆشداری داوەتە ترەمپ و پێی ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی پێشێلکارییەکە، ترەمپ زیندانی دەکرێت. 

دۆناڵد ترەمپ لەسەر کەیسی پارەدان بە دوو ئەستێرەی فیلمە سێکسییەکان بۆ پاراستنی نهێنی نێوانیان و ئاشکرا نەبوونی، پێش هەڵبژاردنی ساڵی 2016، دوای ئەوەی سێکسیان لەگەڵدا دەکات، داوای لەسەر تۆمار کرا، باس لەوە دەکرێت ترەمپ منداڵێکی لە یەکێک لەو دوو ئەستێرەیەی پۆڕن هەبێت و هێشتا کەیسەکە لە دادگایە. 

پێش ئەوەی دادگا بڕیار لەسەر ئەو پرسانە بدات، ترەمپ لە ڕاگەیاندنەکانەوە سوکایەتی بەو دوو ژنە کرد کە لەگەڵیان بووە و بە درۆی خستنەوە، ئەمە لە کاتێکدا، تا ئەو ساتەی دادگا بڕیار لەبارەی دۆسیەکەوە نەدات، تاوانبار مافی ئەوەی نییە وردەکاری دۆسیەکە بە خەڵکی بڵێت. 

کێشە یاساییەکانی ترەمپ زۆرن و ڕەنگە ببنە بەربەست لەبەردەم سەرۆکەکەی پێشووی ئەمەریکا لەپێش هەڵبژاردنی چارەنووسسازی ئەمساڵ، کە وا بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەم ئەنجام بدرێت.


وشە - ئارا هێمن