بەڵگەنامەكان تاوانێكی تر ئاشكرا دەكەن.. نیكا شاكەرمی چۆن كوژراوە؟

:: PM:07:58:30/04/2024 ‌

بەڵگەنامەیەكی دزەپێكراو لە لێكۆڵینەوەكانی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرای دەكات كە نیكا شاكەرمی، كچە ئێرانییە 16 ساڵییەكەی لە ناڕەزایەتییەكانی دوای كوژرانی ژینا ئەمینی سەریان هەڵدا، لەلایەن هێزە تەناهییەكانی ئێرانەوە هەراسانكردن سێكسی كراوە و كوژراوە.

بەپێی بەڵگەنامەكان سێ كارمەندی تەناهیی ئێران لە مانگی ئەیلوولی 2022 ئەو كچەیان گرتووە، دواتر گیانلەدەستدانی لە دۆخێكی نادیاردا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران هاتە راگەیاندن، ئەو بەشداری لە ناڕەزایەتییەكانی ئێران لە دوای كوژرانی ژینا ئەمینی كرد، كاتێك چووە سەر حاوییەكی ئاوەژووكراوی زبڵ و خاشاك و وەك ركابەرەییەك بۆ دەسەڵاتداران حیجابەكەی هێنایە خوارەوە و هاواری دەكرد "مردن بۆ دیكتاتۆر"، وەك ئاماژەیەك بۆ رابەری باڵای شۆڕشی ئێران.

دوای گرتنی ئەو كچە، دەسەڵاتدارانی ئێران رایان گەیاند كە خۆی كوشتووە، ئەوكات ماڵباتی ئەو كچە ئەو چیڕۆكەیان رەت كردەوە و دووپاتیان كردەوە كە كچەكەیان بە دەستی هێزە تەناهییەكانەوە كوژراوە، ئەو دوای چەند سعاتێك لە دەركەوتنی لەو دیمەنە لەناو خۆپێشاندانەكان، كتوپڕ ون دەبێت و دوای زیاتر لە هەفتەیەك، خۆكوشتنی بە ماڵباتەكەی راگەندرا، لەو ساتەوە نیكا دەبێتە یەكێك لە ناودارترین ناوەكانی تاران، بەر لە مردنی لە 20ی ئەیلوولی 2022، ئەو سەركردەیەكی ناڕەزایەتییەكان بوو، وەك "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی باسی كردووە.   

ئەوكات دەسەڵاتدارانی ئێران باسی ئەوەیان كرد كە گیانلەدەستدانی شاكەرەمی پێوەندیی بە ناڕەزایەتییەكانەوە نەبووە و ئەو لە تەلارێك فڕێدراوە و تەرمەكەی لە بەیانی 21ی ئەیلوول دۆزراوەتەوە و تا دوای هەشت رۆژ ئینجا رێگە بە دایكی دراوە بۆ بینین و ناسینەوەی، دەسەڵاتدارانی ئێران رایان گەیاند كە خۆی فڕێ داوە و خۆی كوشتووە، بەوەش چووە ریزی ژمارەیەك كچ و ژن كە بەهۆی ناڕەزایەتییەكان و سەركوتكاریی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە گیانیان لە دەست دا. 

ئەوكات "سی ئێن ئێن"، لێكۆڵینەوەیەكی تایبەتی لەبارەی گیانلەدەستدانی شاكەرمی بڵاو كردەوە بە پشتبەستن بە 50 گرتەی ڤیدیۆیی لە شەوی كوژرانی گیرابوو، جیا لە قسەی ژمارەیەك شایەتحاڵ كە لەو رۆژە لەگەڵیدا بوون، دەركەوت كە ئەو كچە دوا ساتەكانی ژیانی لەناو ناڕەزایەتییەكان بەسەر بردووە و دوای ئەوە و بەر لە راگەیاندنی مردنی بە چەند سعاتێك، دووچاری راوەدوونان و گرتن هاتووەتەوە، شایەتحاڵەكان باسی ساتی گرتنیان كرد، چۆن هەڵدەهات و دەیویست خۆی لە هێزە تەناهییەكان رزگار بكات، 20 بۆ 30 كارمەندی تەناهی بە مۆتۆرسكیل راوەدووی ئەو و ئەوانیتریان دەنا، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە گیرا. 

تۆڕی هەواڵی "بی بی سی"، بەڵگەنامەیەكی دزەپێكراوی دەست كەوتووە بەناوی "زۆر نهێنی"، باسی وردەكاریی لێكۆڵینەوەی سوپای پاسدارانی ئێران لە دۆسیەی شاكەرەمی دەكات، كە ناوی بكوژانی ئەو كچە و فەرماندە باڵاكان ئاشكرا دەكات كە هەوڵی شاردنەوەی راستییەكانیان داوە، جیا لە باسكردنی وردەكاریی هەراسانكردن ولێدانی دوای گرتنی، بەتایبەتی لەناو ئۆتۆمبێلی پۆلیس، كاتێك كارمەندێك هەراسانی كردووە و ئەویش قبووڵی نەكردووە و بە شەق و جوێن وەڵامی داوەتەوە، بۆیە بە دار لێی دراوە و گیانی لە دەست داوە.  

بەڵگەنامەكە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو كات چەند یەكەیەكی نهێنیی تەناهی چاودێری خۆپێشاندەرانیان كردووە، یەكێك لەو یەكانە گومانی لەو كچە كردووە و كەسێكی رەوانەی ناو خۆپێشاندەران كردووە بۆ دووپاتكردنەوەی رۆڵی لە ناڕەزایەتییەكان، بۆیە داوای یارمەتی لە ئەندامانی تری تیمەكە كردووە بۆ گرتنی، بەڵام شاكەرەمی هەڵاتووە، دوای سعاتێك جارێكی تر دەیدۆزنەوە، دەگیرێت و دەستی دەبەسترێت و دەخرێتە ناو بەشی پشتەوەی ئۆتۆمبێلێكی داخراو، سێ كارمەندی تەناهی لەگەڵی دەبن ئەوانیش هەریەك لە ئاراش كالهور و سادق مەنغازی و بەهرووز سادقین، مورتەزا جەلیلی بەرپرسی تیمەكەش لە پێشەوە لە تەنیشت شوفێرەكە دانیشتووە.

بەپێی بەڵگەنامەكە لەسەر رێنوێنیی سوپای پاسداران بڕیار دراوە ببرێتە گرتووخانەی ئەوین لە تاران، كەچی جەلیل دەڵێت لە رێگا گوێی لە دەنگی لێدان و هاواركردن و بەریەككەوتن لە بەشی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەكە بووە، بەهرووز سادقیش دەڵێت، كچەكە بە بەردەوام جوێنی داوە و هاواری كردووە، بۆیە ئاراش بە گۆرەوییەكەی دەمی بەستووە و سادق مەنغازیش خستوویەتییە سەر سەلاجەكە و لەسەری دانیشتووە، ئینجا تۆزێك ئارام بوو، بەڵام دوای چەند خولەكێك كچەكە دەستی كردەوە بە هاتوهاوار و جوێندانەوە، نەمانزانی هۆكارەكەی چییە و تاریك بوو و هیچمان نەبینی.  

كالهوور وردەكاریی زیاتر باس دەكات و دەڵێت، گڵۆپی مۆبایلەكەم داگیرساند و بینیم مەنغازی دەستی خستووەتە ناو پانتۆڵی كچەكە، دوای دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرچوو، چونكە نیكا شاكەرمی توڕە بوو و لەقەیەكی لە مەنغازی دا و ئەویش بە دارێك لێی داوە، دوای هەموو ئەوانە جەلیل ئۆتۆمبێلەكەی وەستاند و دەرگەی كردەوە، بینی شاكەرمی سەر و دەموچاوی لەناو خوێنە، جەلیل دەڵێت نەمویست بزانم چی رووی داوە، تەنیا بیرم لەوە دەكردەوە چۆن بیگوازمەوە، پرسیم هەناسە دەدات، سادقی گوتی نەخێر مردووە.

دوای ئەوانە جەلیل پێوەندی بە بارەگای پاسدارانەوە دەكات، بەتایبەتی ئەفسەرێك بە ناوی نەعیم، ئەو ئەفسەرە لە بەڵگەنامەكە وەك شایەت دەڵێت، گیانلەدەستدان لە بنكەكانمان هەبوو و نەمویست ژمارەكە بۆ 20 گیانلەدەستدان زیاد بكات، بۆیە داوای كردووە تەرمەكەی لە شەقام فڕێ بدەن، بۆیە جەلیل تەرمی شاكەرەمی لە شەقامێكی هێمن لە خوار رێگەی یادگار لە تاران جێ هێشت، راپۆرتەكە لە كۆتادا دووپاتی دەكاتەوە كە هۆكاری شەڕەكەی ناو ئۆتۆمبێلەكە هەراسانكردن و دەستدرێژی سێكسی بووە و گیانلەدەستدانی ئەو كچەش بەهۆی لێدانی لەلایەن یەكە تەناهییەكە بووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل