سلێمانییەكان: خەڵك خزمەتی دەوێت و داهاتی سنوورەكە بۆ كۆمپانیا حزبی و كەسییەكانە

:: PM:09:52:30/04/2024 ‌

شارەزایان باس لەوە دەكەن كە مەرزەكانی پارێزگای سلێمانی بوونەتە شوێنێك بۆ كاری بازرگانیی بەرپرسان، خەڵكی شارەكەش دووپاتی دەكەنەوە كە گەشەكردنی پارێزگاكە بەهۆی كەمیی خزمەتگوزارییەوە وەستاوە و هیچ خزمەتێكی شاری سلێمانی ناكرێت، هاوكات رێگەی مەرزەكان زۆر خراپە، لەكاتێدا ئەو مەرزانە ساڵانە بە سەتان ملیار دینار داهاتیان هەیە.

پەرلەمانتارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆشیان ددان بەوەدا دەنێن كە مەرزەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەتی مەرزی پەروێزخان، بووەنەتە شوێنی دەوڵەمەندبوون و ملیۆنێربوونی چەند كەسێك و چەندین كەسیان پێ گەیاندووە، لەوكاتەی ئەو مەرزانە لە سنووری دەسەڵاتی یەكێتین و هیچ لایەنێكی تر بۆی نییە لەوێ كار بكات.

كەریم عەلی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، مەرزەكان سەرچاوەی سەرەكیی داهاتن بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهەدەردانێكی زۆر لە مەرزەكانی سنوورەكەدا هەیە، پێشتر چەندین رێگەمان بۆ كۆتاهێنان بەو گرفت و بەهەدەردانە خستوەتە روو، بۆ نموونە مەرزەكانی سنووری سلێمانی مانگانە 25%ی داهاتیان بۆ كۆمپانیا حزبی و كەسییەكان دەبێت، بەڵام حزب ئەوە نازانێت و ئامادە نییە ئەو چاكسازییە بكرێت و ئەو داهاتە بۆ گەنجینەی گشتی بگەڕێندرێتەوە.

زیاتر گوتی، داهاتی ناوخۆ و مەرزەكان دەبردێن و پێویستە حكوومەت هەڵوێستی هەبێت، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو تەنیا داهاتی رۆژێكی مەرزی پەروێزخان یەك ملیار و 600 ملیۆن دینار بووە، بە دڵنیاییەوە ئێستە زۆرتر بووە، چونكە رۆژانە نەوت لەوێوە دەڕوات، كەچی زیاتر لە 350 ملیۆن دینار بۆ كۆمپانیا دەڕوات و ئەوانە بەرپرسیارن لە خزمەت نەكردنی خەڵك، ئەوە رێگەی دەربەندیخان- كەلار، ئەوە رێگەی مەرزی پەروێزخان هەر دوێنێ بوو رووداوێكی قورسی هاتوچۆ تیایدا رووی دا.

لای خۆیەوە ناسر ئیسماعیل، شارەزای ئابووری بۆ "وشە"، باس لەوە دەكات، بە گوتەی بەڵێندەران لەو سنوورە بە سەتان و هەزاران پڕۆژە راگیراون، هەر نەبێت رێگەی دووسایدی دەربەندیخان- كەلار تەواو بكەن كە چەندین ساڵە نەتوانراوە تەواو بكرێت، ئەو مەرزەی باشماخی لەسەرە و هەر لەبەر كاری مەرزەكە و خۆشیان بووایە، دەبوو ئەو رێگەیە باشترین رێگە بوایە.

باسی لەوەش كرد، پەرلەمانتاران چەندانجار باسیان لەوە كردووە كە داهاتی سلێمانی بۆ خزمەتی شارەكە و فراوانبوون و گەشەكردن و پێشخستنی بەكار نەهێنراوە، بە ئاشكراش باسیان لە گەندەڵیی مەرزەكانی سنوورەكە كردووە، ئەو داهاتانە مادام خزمەت بە سنوورەكە ناكەن و بۆ پڕۆژە و خزمەتگوزاری نییە، با بدرێنەوە بە خەزێنەی گشتیی دەوڵەت و لەوێوە بۆ پڕۆژەكانی سنوورەكە خەرج بكرێنەوە.

پێوەست بەو بابەتە عەدنان ئەحمەد، چالاك لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، ئەوان هەر خۆیان بە دەمی خۆیان هاوار دەكەن كە داهاتی مەرزەكان بەرانبەر بە خزمەتگوزاری و رێگەوبان و شوێنەكان نییە، ئەو هەموو داهاتە هەیە، بەڵام ئەوە حاڵی خزمەتگوزاریی سنوورەكەیە، تا كەی بە نیازن بەو شێوەیە خزمەت نەكەن لە بەرانبەر ئەو هەموو داهاتەی كە لەو مەرزانە هەیە، خەڵك خزمەتی دەوێت، بۆیە یان خۆیان بیكەن یان با داهاتەكە بۆ حكوومەت بێت و حكوومەت بیكات، ئەو پڕۆژانەی لە سنوورەكە كار دەكەن بەهۆی ئەوەی پارەی زۆریان بۆ خەرج ناكرێت، ئیشكردنیان هەر ئەوەیە نەوەستاوە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل