ئەمڕۆ بەنزین گران دەبێت

:: AM:09:24:01/05/2024 ‌
بەپێی بڕیارێكی حكوومەتی فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەم زیادكردنی نرخی بەنزین دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی ئایار، بەپێی ڕاگەیەنراوێكی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی عێراق، لە ئەمڕۆوە بڕیاری زیادكردنی نرخی بەنزین جێبەجێ دەكرێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 26ی ئاداری 2024، بڕیاری دابوو نرخی لیترێك بەنزینی موحەسەن بە 850 دینار و نرخی هەر لیترێك بەنزینی سوپەریش ببێتە هەزار و 250 دینار. ئێستە هەر لیتر بەنزینی موحەسەن بە 650 دینار و بەنزینی سوپەریش بە هەزار دینار دەفرۆشرێت.

لە عێراق سێ جۆری بەنزین هەیە كە ئەوانیش نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەرن كە بە هۆی هەرزانییەكەیەوە، بەنزینی نۆرماڵ زۆرترین خواستی لەسەرە. حكوومەتی عێراق هیچ بڕیارێكی بۆ زیادكردنی نرخی بەنزینی نۆرماڵ دەرنەكردووە، ئێستە لە بەنزینخانەكانی عێراق نرخی هەر لیترێك بەنزینی نۆرماڵ 450 دینار دەفرۆشرێت.



وشە - رامیار جەواد