نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە كرێكاران دەكات

:: AM:09:47:01/05/2024 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بەبۆنەی یەكی ئایار بڵاو كردەوە و رای گەیاند، بە ڕێز و پێزانینەوە لە ئەرك و ڕەنجی كرێكاران و ڕۆڵی كارایان لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتناندا دەڕوانم.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی ئایار، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لە ڕۆژی جیهانیی كرێكاراندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو كرێكارانی كوردستان، عێراق و جیهان دەكەم، دەستی كار و ماندووبوونیان دەگوشم و هیوای ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی و سەرفرازییان بۆ دەخوازم.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە كاتێكدا بە ڕێز و پێزانینەوە لە ئەرك و ڕەنجی كرێكاران و ڕۆڵی كارایان لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتناندا دەڕوانم، دووپات لە بەردەوامیی پشتگیری لە هەموو ماف و داوا ڕەواكانیان و پێویستیی هەبوونی یاسایەكی پێشكەوتووی سەردەمیانە دەكەمەوە، كە زەمینە و ژینگە‌ی لەباری كاركردن و ژیانێكی باشتر بۆ چینی زەحمەتكێشی كرێكاران و خێزانەكانیان بێنێتە ئاراوە‌.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێت، هەر لەم یادەدا هانی سەندیكا و ڕێكخراوەكانی كرێكاران دەدەم كاری باشتر بكەن، هەوڵی زیاتر بدەن بۆ دابینكردن و پاراستنی مافەكانی كرێكاران و ڕەخساندنی یەكسانی لە دەرفەتەكانی كاردا، هەروەها دەبێ لایەنە پێوەندیدارەكان چاودێریی خێزانی ئەو كرێكارانە بكەن كە لە كاردا ژیانیان لە دەست داوە و بایەخ و گرنگی بە باشتركردنی دۆخی ژیان و گوزەرانیان بدرێت.




وشە - رامیار جەواد