تەنیا لە هەولێردا 166 قوتابخانەی خوێندنی عەرەبی هەن

:: AM:09:50:01/05/2024 ‌
ئەمرۆ چوارشەم یەكی ئایار، قوتابیان و مامۆستایانی خوێندنی عەرەبی لە هەولێر، دژی بڕیاری داخستنی قوتابخانەكانیان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراق، جارێكی تر خۆپێشاندانیان كرد.

زۆربەی ئەو عەرەبانەی ئێستە لە باشووری كوردستاندا نیشتەجێن، وەك خۆیان دەڵێن ئارەزوومەندانە هاتوونەتە كوردستان و نایانەوێت بگەڕێنەوە شارەكانی خۆیان، بۆیە بەمافی خۆیانی دەزانن لە كوردستان بەزمانی خۆیان بخوێنن.

 لە دوای ساڵی 2003وە تەنیا لە هەولێردا 166 قوتابخانەی خوێندنی عەرەبیی سەربە وەزارەتی پەروەردەی عێراق هەن، 68،635 قوتابی تێیاندا دەخوێنن و سێ هەزار و 961 مامۆستا وانەیان تێدا دەڵێنەوە.
 
دوای بڕیاری داخستنی كەمپی ئاوارەكان، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە لە كۆتایی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ، سەرجەم قوتابخانەكانی خۆی لە كوردستان دابخات، ئەمەش ناڕەزایی عەرەبی دانیشتووی كوردستانی لێ كەوتووەتەوە.
 
كەریم سەید گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رای گەیاند، "بڕیارەكە پێوەستە بە گەڕانەوەی ئاوارەكان، ئەوە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە نییە كە كەی ئاوارەكان دەگەڕێنەوە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە پێوەندیدارە بە دابینكردنی پێداویستی بۆیان، بەڵام ئێستە وەزارەتی كۆچ بڕیاری داوە كەمپەكان دابخات.
 
دوێنێ سێشەم لە كۆبوونەوەی لەگەڵ هەردوو وەزیری پەروەردەی كوردستان و عێراق، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، گرنگە پێداویستییەكان بۆ بەردەوامبوونی خوێندنی قوتابیانی قوتابخانە عەرەبییەكان لە هەرێمی كوردستان دابین بكرێن، جێگرەوەی وایان بۆ ئامادە بكرێت كە بەردەوام بن لە خوێندنی ئەمساڵ و ساڵانی دواتر.
 



وشە - سۆران عەزیز