لە رۆژانی رابردوودا شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە چووەتە بەغدا

:: PM:12:04:01/05/2024 ‌
شاندێكی هەرێمی كوردستان لە چەند رۆژێكی رابردوودا، چوونەتە بەغدا و مەبەستی سەردانەكەیش مووچە بووە. سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش ڕای گەیاند، چاوەڕوان دەكرێت لە ڕۆژانی داهاتوو دەرئەنجامی كۆبوونەوەكان دەربكەون.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی ئایار، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە لاپەڕەی خۆی لە فەسبووك، نووسینێكی لەبارەی سەردانە چەند رۆژییەكەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، كۆبوونەوەكان لە كەشێكی ئەرێنی ئەنجام دران و چاوەڕوان دەكرێت دەرئەنجامەكانی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەربكەون.

ئامانج رەحیم دەڵێت، "كۆبوونەوەكان تایبەت بوون بە پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر حكوومەتی فیدراڵی بۆ ڕادەستكردنی داهاتە فیدراڵییەكان بەشێوەی نەختینەیی".

سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران باس لەوەش دەكات، بەشێكی كۆبوونەوەكان بۆ بەدواداچوون بووە لەسەر تەمویلكردنی مووچەی مووچەخۆران بۆ مانگی نیسان، لەگەڵ شایستەكانی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی بودجەی گشتیی عێراق.

بەگوتەی ئامانج رەحیم، كۆبوونەوەكان ئەرێنی بوون و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەرئەنجامیان دەردەكەوێت.

ئەمە لە كاتێكدایە بەغدا هێشتا بڕیاری خەرجكردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نەداوە، كە بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەبێت لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق، رەوانە بكرێت.



وشە - سۆران عەزیز