بێ پارتی ناكرێت.. هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دواخستن نزیك دەبێتەوە

:: PM:05:42:01/05/2024 ‌

ئەگەرچی هەرێمی كوردستان، جیا لە پێگە دەستوورییەكەی بەپێی سیستمی فیدراڵی، لە تەواوی رووەكانەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، دیارترینیان سیستمێكی دیموكراسی و بەیەكەوەژیان و ئەو ئازادییەی لە هەموو بوارەكان هەیە، ئەو هەرێمە بە بەردەوام سوور بووە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، بەڵام لە ساڵانی دوایی چەند تەنگژەیەك هاتنە پێشەوە و وایان كرد پرۆسەكە بە ناچاری بێتە دواخستن، ئێستەش كە بڕیارە بێتە سازكردن، هەوڵێك درا بۆ گۆڕینی ئەنجامەكان بەو شێوەی لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی كورد نەبێت، تا ئێستەش پارتی پێداگرە كە نابێت پرۆسەكە بەو شێوەیە بەڕێوە بچێت، بۆیە ئەگەری دواخستنی پرۆسەكە تا دێت زیاتر دەبێت.

بەپێی راپۆرتەكانی هەواڵ، سەردانی دوایی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و حكوومەت، ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی زیاد كردووە، بەتایبەتی دوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان و دەستكاریكردنی یاسای هەڵبژاردن، وایان كرد پارتی بایكۆتی پرۆسەكە رابگەیەنێت تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانی و پێداچوونەوە بەو بڕیارانە، بەوەی ئامادە نییە بەشداری لە پرۆسەیەك بكات پێشتر ئەنجامەكانی دیاری كرابێت و لە دەرەوە سەرپەرشتی بكرێت.  

سەلیم شوشكەیی، پەرلەمانتاری پێشوو دەڵێت، پێشبینی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو دەكرێت، ئاماژەی كرد كە گەرەنتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە بە بەشداری پارتی پێوەستە بە بڕیاری تری دادگا بۆ گەڕاندنەوەی كورسیی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان، هاوكات مانەوەی دۆخەكە بەو شێوەی ئێستە دووپاتی دەكاتەوە كە هەڵبژاردن ناكرێت، بۆیە ئەگەری هەیە هەڵبژاردنەكە بۆ مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو بۆ فەراهەمكردنی هەلێك بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و مسۆگەریی بەشداریكردنی پارتی لە پرۆسەكە دوا بخرێت، چونكە بە گەڕاندنەوەی كورسی كۆتاكان پارتی بەشداری دەكات و گفتوگۆی نهێنیش لەو بارەوە هەیە.  

ئەندامێكی دیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژە دەكات كە سەرۆكی هەرێم بە سەرانی سیاسی و حكوومەتی عێراقی راگەیاندووە كە بڕیارەكەی پارتی بە بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆتاییە، بۆیە ژمارەیەكی زۆری لایەنەكانی بەغدا دواخستنی هەڵبژاردنیان بۆ كاتێكی تر تا گەیشتن بە لێكگەیشتنی سیاسی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكە قبووڵ كردووە، دووپاتی كردەوە، سوودانی و هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و چەند لایەنێكی سوننە بە سەرۆكی هەرێمیان راگەیاندووە كە ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێك لە كوردستان لە سایەی بایكۆتی پارتی رەت دەكەنەوە، چونكە نابێتە مایەی سەقامگیریی سیاسی و تەناهی و ئەنجامی نەرێنی دەبێت، لەوكاتەی یەكێتی ناڕەزایەتی بۆ ئەو لێكگەیشتنانە لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن دەربڕیوە.

رێبین سەلام، توێژەری سیاسیی نزیك لە پارتی دەڵێت، هێزە سیاسییەكانی بەغدا و تەنانەت هێزە دەرەكییەكانیش درك بە زەحمەتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە سایەی بایكۆتی پارتی دەكەن، هەر ئەوەش وای كرد لە كۆتایی بیرۆكەی دواخستنی هەڵبژاردن زاڵ بێت و ئەگەری هەیە بەمنزیكانە بێتە راگەیاندن، دووپاتی كردەوە كە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا دۆسیەكەی یەكلا كردەوە و بە پاڵپشتی سیاسیی ناوخۆیی و دەرەكی هەڵبژاردنەكە دوا دەخرێت، تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئاماژەیان داوە كە لەگەڵ بیرۆكەی دواخستنی هەر هەڵبژاردنێكن لە سایەی بایكۆتی پارتی، چونكە سەنگ و قورسایی سیاسی و جەماوەری خۆی هەیە و ناتوانرێت بە هیچ شێوەیەك فەرامۆش بكرێت. 

دووپاتی كردەوە، ئەگەری هەیە وادەی نوێی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆتای ئەمساڵ بێت، ئێستە گفتوگۆ لەو بارەوە لە نێوان هێزە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان هەیە و نیوچە رێككەوتنێك لەو بارەوە دروست بووە، دواخستنەكەش بە پاڵپشتییەكی سیاسیی ناوخۆیی و بەغدا و هەرێمە، ئەگەرچی دواخستنی پرۆسەكە مانای ئەوە نادات پارتی تیایدا بەشدار دەبێت، تەنیا دوای گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە نەبێت سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتاكان و بازنەكانی هەڵبژاردن، بۆیە تا پاشگەزنەبوونەوە لەو بڕیارانە نەبێت بەشداریكردن لە هەڵبژاردن نابێت، كە بڕیاری تەواو سیاسین و دەستوەردانی دادگاكە لەو بابەتانە پێشێلكاریی دەستووری و دەسەڵاتەكانی هەرێم و دامەزراوە دەستوورییەكانیەتی.

هەر لەو بارەوە د. ئیحسان شمەری، سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسییانە دەڵێت، ئامانجی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا روون بوون، ئەویش دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، پێشم وایە كە ئەو گڵۆپی سەوزی سیاسییانەی بۆ دواخستنی پرۆسەكە وەرگرت و تا گەیشتن بە رێككەوتن بەغدا دواخستنی هەڵبژاردن رەت ناكاتەوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت هەڵبژاردنەكە تا سەرەتای ساڵی داهاتوو دوابخرێت، دووپاتی كردەوە، هێزە سیاسییەكان لە بەغدا و حكوومەتی سوودانی وا سەیری دواخستنەكە دەكەن دەبێتە هۆی رێگرتن لە دروستبوونی تەنگژەیەكی گەورەتر ئەگەر هەڵبژاردنەكە بێ پارتی ساز بكرێت، بۆیە رێككەوتن لەسەر میكانیزمێكی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە لە داهاتوو دەكرێت، كە هەمووان لێی رازی بن.        



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل