ئەندامێكی تیمی بایدن بەهۆی شەڕی غەزەوە وازی هێنا

:: PM:07:04:01/05/2024 ‌

هالا ڕاڕایت، دیبلۆماسیی ناسراو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، هەفتەی ڕابردوو دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی ڕاگەیاند، لە چاوپێكەوتنێكی نوێدا ئاشكرای دەكات، هۆكارەكەی شەڕی غەزە بووە، چونكە نایەوێت چیتر خەڵكی دنیا بەهۆی ئەو شەڕەی ئیسرائیلەوە ڕقیان لە ئەمەریكا بێت، چونكە بە پشتیوانی دەزانن.

لە نوێترین ژمارەی "واشنتن پۆست"ـدا هالا ڕاڕایت ئاشكرای دەكات، بەردەوامیی پڕچەككردنی ئیسرائیل لەلایەن ئەمەریكاوە، تەنگژەی مرۆیی گەورەی لە غەزە دروست كردووە و بووەتە هۆی ڕق و كینە بەرانبەر ئەمەریكا، بە تایبەتی لەلایەن جیهانی عەرەبییەوە.

هالا ماوەی 18 ساڵە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كار دەكات و پۆستی جۆراوجۆری وەرگتووە و بە یەكێك لە نزیكەكانی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا هەژمار دەكرا، بەڵام لەم چاوپێكەوتنەدا، بە تەواوی دژایەتیی خۆی بۆ بڕیارەكانی بایدن بەرانبەر غەزە دەربڕیوە.

ڕاجیاییەكی زۆر لەناو ئیدارەی بایدندا بەرانبەر هەڵوێستیان لە شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە هەیە، بەڵام ئەمە تا ئێستە یەكەم دیبلۆماسییە بەو هۆكارە دەست لە كار بكشێنێتەوە و ئاشكراشی كرد، ئەم بڕیارەی ئاسان نەبووە، بەڵكوو ناچاری بووە، تا وەك هاوڕێكانی تووشی تەمبێكردن نەبێت لەلایەن سەروو خۆیانەوە، دوای ئەوەی بڕیاری هەڵوێستی پێچەوانەیان ئاشكرا كردووە.



وشە - عەبدوڵا عومەر