90%ی كرێكارانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژاریدان

:: PM:07:41:01/05/2024 ‌

ئەمڕۆ جەژنی دنیایی كرێكارانە، لە عێراق نزیكەی شەش ملیۆن كرێكار لە كەرتی تایبەت بە دەست نەبوونی ماف و جیاكارییەوە دەناڵێنن، عێراق لە ناو لیستی ئەو وڵاتانەیە كە خراپترینن لە رووی مافی كرێكارانەوە، بەرپرسێكی سەندیكای كرێكارانیش ئاشكرا دەكات كە 90%ی كرێكاران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

بەپێی داتای یەكێتی نێودەوڵەتیی سەندیكای كرێكاران بۆ 2023، عێراق لە پلەكانی دواوە لە رووی فەراهەمكردنی مافی كرێكارانەوە دێت، كاتێك لە ریزیەندی 149 دەوڵەت، لە رووی فەراهەمكردنی مافی كرێكاران و پێشێلكارییەكانی دووچاری دەبنەوە، عێراق لە پلەكانی دواوە دێت، ناوی لەناو 33 دەوڵەت هاتووە كە مافی كرێكارانیان تیادا فەراهەم نەكراوە.

سائیر سوڵتان، سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی دیالە دەڵێت، 90%ی كرێكاران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بۆیە زۆرێك لەوان پەنایان بۆ بەرنامەی چاودێری كۆمەڵایەتی بردووە، وەك هەوڵێكی بێهوودە بۆ یارمەتیدانیان، ئەوەش دوای داخستنی دەرگەی كارگەكان و بەڕێكردنی كرێكارەكان.

روونی كردەوە، كەرتی پیشەسازیی عێراق دووچاری پیلانگێڕییەكی مەبەست دیار بووەتەوە و ئەوەی دەیبینین كەسانێك هەن كە نایانەوێ هیچ جۆرە پەرەسەندنێك لە وڵاتدا هەبێت، ئەوەش بۆ برەودانە بە هاوردەكردن و پشتبەستن بە هاوردەكردنی هەموو پێویستییەكان، واتە وڵاتەكە ببێتە بازاڕێكی بەكارهێنانی كاڵای وڵاتانی تر.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل