"هەركات شتێكی گرنگ بۆ رۆژئاوا بێتە پێشەوە پەكەكە لە رێگەی پەیەدەوە تێكی دەدات"

:: PM:09:29:01/05/2024 ‌

لەكاتێكدا پەكەكە زیاتر لە 40 ساڵە گوایە خەبات بۆ باكوری كوردستان دەكات، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستە هیچ دەستكەوتێكی نەبووە و نەیتوانیوە بچێتە ناو گوندێكی باكور، بەڵام وازی لە باكور هێناوە و سەرقاڵی ئازاردانی كوردانی رۆژئاوایە، دەیەوێ بە زۆر لە ناوچەكە وەدەریان بنێت، شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە كە هەركات شتێك بێتە پێشەوە كە بۆ كورد گرنگ و كاریگەر بێت، پەكەكە لە رێگەی پەیەدەوە لە رۆژئاوا دۆخێك دروست دەكات بۆ ئەوەی كۆتایی بە هەموو شتێك بێنێت.

پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان دەستی بە سووتاندنی بارەگەی لایەنە كوردییەكانی تر كردووە، ئەو كارەی پەكەكە دەیكات ئەویە كە چەندین ساڵە دوژمن دەیەوێ بیكات و تا ئێستە بۆی نەچووەتە سەر، بۆیە پەكەكە دەیەوێ بەو كارە كوردانی رۆژئاوا لە ناوچەكە بە دەركردن بدات و ئاوارەیان بكات، بۆ ئەوەی پیلانی دوژمنان جێبەجێ بكرێت.

سەعید عومەر، بەرپرسی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمەریكا بە توندی ئەو كارانەی پەكەكەی لە رۆژئاوا لەبارەی سووتاندنی بارەگەكانی پارتی ئیدانە كردووە، پەكەكە بە سووتاندنی بارەگەكانی پارتی و هێرشكردنە سەریان، كە پەیەدە ئەنجامیان دەیدات و بەشێكن لە سیاسەتی پەكەكە، دوژمنایەتی خۆی بۆ كورد دووپات كردەوە، پەكەكە دەیەوێ كورد لە رۆژئاوا نەمێنێت، بۆیە بە هۆكاری ناسەقامگیریی ئەو ناوچەیە بەهۆی سیاسەتەكانی پەكەكە، خەڵك و كوردی رۆژئاوا ماڵ و ژیانی خۆیان جێ دێڵن.

ئەو دەپرسێت، پەكەكە بۆچی ناچێت خەبات بۆ باكور بكات؟، بۆیە پەكەكە ناتوانێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت و پێی وابێت رۆژئاوای بۆ چۆڵ دەكرێت، رۆژئاوا شوێنی هیچ كەس و لایەنێك نییە، ئێمە لە پێناو كورد و كوردستان خەبات دەكەین، لە داهاتووشدا پەكەكە باجی ئەو كارانەی دەدات كە بەرانبەر بە كوردانی رۆژئاوا دەیكات.

لای خۆیەوە سەباح كەریم، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، پەكەكە دۆخێكی خراپی دروست كردووە، ئەو دەیەوێ لە هەر ناوچەیەك و شوێنێك بێت تەنیا خۆی باڵادەست بێت، لە رۆژئاوای كوردستان دەسەڵاتی هەیە، بە هەموو شێوەیەك ئازاری خەڵك دەدات، ئاسایشی پەیەدە لە رێگەی بەناو شۆڕشگێڕەكانیان خەڵك دەڕفێنن، خەڵك دەبەن، خەڵك دەچەوسێننەوە، ئەوەی بەرانبەر كوردی ئەو ناوچە بێت دەیكەن بەس بزانن لە خۆیان نییە.

روونی كردەوە، پەكەكە دەیگوت ئێمە خەبات بۆ باكور دەكەین، ئەی كوا ئەنجامی خەباتی چەند ساڵەیان كوا؟، ئەی ئێستە بۆ وازیان لە باكور هێناوە؟، لانی كەم با دەستكەوتێكیان هەبێت، دۆزی كورد لە رۆژئاوا بۆ ئەمەریكا گرنگە، بەڵام خەریكە پەكەكە ئەوەش تێك دەدات، هەركات شتێك بێتە پێشەوە كە بۆ كورد گرنگ و كاریگەر بێت، پەكەكە لە رێگەی پەیەدەوە لە رۆژئاوا دۆخێك دروست دەكات بۆ ئەوەی كۆتایی بە هەموو شتێك بێنێت.

پێوەست بەو بابەتە كاوە فەتحوڵا، مامۆستای زانكۆ بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، پەكەكە هیچ خێر و بێرێكی بۆ كورد و كوردستان نەبووە، هۆكاری تێكدانی دۆزی كوردە و لە هەر شوێنێك هەبێت ئاژاوە و پشێو و ناسەقامگیری لەوێ هەیە، پەكەكە چەندین ساڵە دەیەوێ هەمان دەستوەردانی رۆژئاوا لە هەرێمی كوردستانیش بكات، وەك ئەوەی بۆ ئەوە دروست كرابێت كە لە كورد بدات، ئەوان گرووپێكن لە چوار پارچەی كوردستان كاریگەریی خراپ لەسەر كورد دروست دەكەن، ئێستەش بۆ رۆژئاوا بوونەتە مەترسی، ئەوان دەڵێن بۆ باكور خەبات دەكەین، ئەی كوا خەباتەكەیان؟

ئەو مامۆستایە دووپاتی كردەوە، هەرێمی كوردستان خاوەن قەوارەیە و ئاڵای تایبەتی هەیە، كەچی پەكەكە وەك نەیارانی كورد ئاڵای كوردستانی سووتاند، ئەمە ئەو كوردایەتییەیە كە پەكەكە دەڵێت من كوردایەتی دەكەم.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت