خامنەیی پەیامێكی ناراستەوخۆ ئاراستەی سعوودیە دەكات.. مەبەستی چییە؟

:: PM:09:39:01/05/2024 ‌

بەر لە هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023، شازادەی جێنشینی سعوودیە لە دیدارێكدا ئاماژەی بۆ چەند بابەتێكی هەستیار كرد، لەوانە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل و بوون بە خاوەنی تەكنۆلۆجیای ئەتۆمی، چەند رۆژێك دوای ئەوە ئاڵۆزییەكانی غەزە دەستیان پێ كرد، ئێستە ئەمەریكا و سعوودیە هەمان باس گەرم دەكەنەوە، رابەری شۆڕشی ئێران لە یەپامێكی ناراستەوخۆ ئەو وڵاتانە وریا دەكاتەوە.

لە 4ی ئۆكتۆبەری 2023، سایتی "عەرەبی جەدید" لە رۆژنامەی "كەیهان"ی فەرمی و پارێزگاری ئێرانی گواستەوە كە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی سعوودیە و ئیسرائیل ناپاكییە، بۆیە هەڕەشەی جەنگێكی ئەلیكترۆنی و بەرگریكاری لەلایەن میلیشیاكانی لە ناوچەكە لە ریاز كرد، كاتێك لە سەروتاری رۆژنامەكە كە لە خامنەییەوە نزیكە، سەعدوڵا زارعی، نووسەر گوتی، ئاساییكردنەوەی سعوودیە بۆ پێوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل رووبەڕووی كاردانەوەیەكی جەماوەری و میلیشیاكان لە ناوچەكە دەبێتەوە، گرووپە شۆڕشگێڕەكان لە ناوچەكە و هێزەكانی بەرگری میلی لە بەرەی رۆژئاوا، دەبنە كێشەیەكی گەورە و بێزاركەر بۆ ئەو وڵاتانەی ناپاكی لە ئیسلام و موسڵمانان دەكەن لە رێگەی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا.

رۆژنامەكە لە هەڕەشەكانی لە سعوودیە بەردەوام بوو و گوتی، لە هەندێك وڵاتی ناوچەكە وەك عێراق، چەند گرووپێكی ناسراو هەن دەتوانن پاڵپشتیی گرووپی تری بەرگریكاری لە وڵاتانی تر بكەن و دۆخێكی نوێ لەوێ دروست بكەن، هێرشە سیبرانییەكان دەبنە هەڕەشەیەكی سەرەكیی بۆ سەر ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی عەرەبی و ئیسرائیلی، بۆیە ئەگەر حكوومەتی سعوودیە و هاوشێوەكانی دەیانەوێ  بگەنە حاڵەتێك لە سەقامگیریی ئاسایشیان، با لە رێگەی پێوەندیی برایانە لەگەڵ گەلانی موسڵمان و هێزەكانی بەرگری بەدەستی بێنن، وەك ئاماژەیەك بۆ ئێران و میلیشیاكانی.  

ئەو قسانەی رۆژنامە ئێرانییەكە دوای لێدوانەكانی محەمەد كوڕی سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە هات كە لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بۆ چەند بابەتێكی هەستیار كرد، لەوانە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل و بوون بە خاوەن تەكنۆلۆجیای ئەتۆمی و هیتریش، كە ئەوانە لای ئێران هێڵی سوورن، چونكە سەرەڕای باشیی پێوەندییەكانیان، بەڵام ریاز و تاران دوو جەمسەری نەیاری یەكترن و ئەگەری هەیە لە هەر ساتێكدا نێوانیان ئاڵۆز ببێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئێران ئاماژەی كرد كە تەنگژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی ئاساییكردنەوەی پێوەندیی دەوڵەتە عەرەبییەكانەوە لەگەڵ ئیسرائیل چارەسەر نابێت، ئەوە لەوكاتەی ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و سەردانی ریازی كرد و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و هاوتاكانی لە وڵاتانی ناوچەكە كۆ دەبێتەوە، دۆسیەی ئاساییكردنەوەی پێوەندیی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئیسرائیل و كۆتاهێنانی بە شەڕی غەزە دوو بابەتی سەرەكیی سەردانەكەن.

خامنەیی لە رۆژی مامۆستایان و لە پێشوازی ژمارەیەك لە كەسایەتییە پەروەردەییەكان، ئاماژەی كرد كە هەندێك وای بۆ دەچن كە ئەگەر بچنە لای وڵاتانی ناوچەكە و هانیان بدەن بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل، وەك ئاماژەیەك بۆ بلینكن و سعوودیە، كێشەكە چارەسەر دەبێت، بەڵام نەخێر، ئەوان هەڵەن، كێشەی ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا چارەسەر نابێت، تا ئەوكاتەی فەلەستین بۆ خاوەنە راستەقینەكانی نەگەڕێتەوە. 

لێدوانەكانی خامنەیی دوای دوو رۆژ لە لێدوانەكانی بلینكن دێت، بەوەی واشنتن لە رێككەوتنێكی تەناهی لەگەڵ ریاز نزیك بووەتەوە و لە حاڵەتی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی ریاز لەگەڵ ئیسرائیل، دەخرێتە روو، بۆیە ئێستە واشنتن و ریاز بەیەكەوە كار دەكەن و كارەكەش پێوەستە بە ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەگەری هەیە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا بابەتەكە تەواو بێت. 

ئێستە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا دەیەوێ پێش هەڵبژاردنەكانی كۆتای ئەمساڵی سەرۆكایەتی، رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی سعوودیە و ئیسرائیل ساز بكات، ئەو هەوڵانەی بەهۆی هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هەڵگیرسانی شەڕی غەزە بۆ چەند مانگێك دوا كەوت.

هەر لە چوارچێوەی هەڕەشەكانی ئێران، ئەمڕۆ لیوا حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە ئەگەری هەیە وڵاتەكەی جارێكی تر و بە هاوشێوەی مانگی رابردوو هێرش بكاتەوە سەر ئیسرائیل، بڕیاری هێرشكردنی سەر ئیسرائیل زۆر جیاواز بوو و ئیسرائیل لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكە شكستی هێنا.

شایەنی باسە ئێران لە 13ی نیسانی رابردوو 300 بۆ 400 درۆن و مووشەكی جۆراوجۆری لە ناو خاكەكەی و لە یەمەن و عێراق و سووریا بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدا، ئەگەرچی زۆرینەی ئەو مووشەك و درۆنانە تەقێنرانەوە، بەڵام شارەزایانی سەربازی پێیان وابوو هێرشەكە نمایشێكی هێز بوو و پەیامی دایە ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەكە و ئەمەریكا بەوەی توانای زیانگەیاندنی بە هەموویان هەیە و ناكرێ دەست بۆ هێڵە سوورەكانی ببرێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل