بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی بەهێزی باران بۆ سنووری هەولێر و گەرمیان، داوا لە هاووڵاتییان دەكرێت ئەگەر پێویست نەبێت، لە ماڵ نەچنە دەرەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی ئایار، فەرمان غەفوور شارەزای كەشناسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەهۆی شەپۆلی بەهێزی پێشبینیكراوی باران، بەتایبەت لەسەر هەولێر و گەرمیان، پێویستە هاووڵاتییان ئاگادار بن.
زیاتر گوتی، بۆ پاراستنی سەر و ماڵیان ئەو ڕێنوێنییانەی بەرگریی شارستانی دەریكردوون، پێویستە هاووڵاتییان بەهەندیان وەربگرن و گرنگییان پێ بدەن.
باسی لەوەش كرد، لە كاتی دەستپێكردنی بارانی بەخوڕ و شەپۆلە بەهێزەكە، هاتوچۆی نێوان شارەكان كەم بكرێتەوە و شوفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش پێویستە زیاتر ئاگاداری لێخوڕین بن و خێراییان كەم بكەنەوە.
ئەو كەشناسە هۆشداری دا بەو هاووڵاتییانەی دانیشتووی نزیك سەرچاوە ئاوییەكانی وەك زێ و رووبارەكانن، زیاتر گرنگی بە سەلامەتیی خۆیان بدەن.