وردبینیی لیستی مووچەی فەرمانبەران تەواو بوو

:: AM:09:16:02/05/2024 ‌
وەزارەتی دارایی عێراق وردبینیی لیستی مووچەی تەواو كرد، بەهۆی رێكارە ئیدارییەكان رەنگە هاتنی پارەكەی بەغدا بگاتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی ئایار، بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" لە سەرچاوەیەكی باڵای عێراق وەریگرتووە، وەزارەتی دارایی عێراق وردبینیی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەواو كردووە و چاوەڕێش دەكرێت هەفتەی داهاتوو پارەكە بگاتە هەرێم.

ئەوەیش زانراوە، ئەمڕۆ كۆمەڵێك رێكاری ئیداری هەیە ئەو وەزارەتە ئەنجامی دەدات، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو پارەیە دەگات.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە لیستی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن هەرێمەوە ڕادەستی بەغدا كراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تێبینی لەسەری هەبوو، بۆیە ناردنی پارەكەش دواكەوتووە.

ئەوەش لە كاتێكدایە كە بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەبوو لە 20ی مانگی ڕابردووەوە فەرمانبەرانی هەرێم، هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق لە كاتی خۆیدا مووچەی مانگی نیسانیان وەربگرتایە.


وشە - رامیار جەواد