كێشەی پارێزگاری كەركووك گەیشتووەتە بنبەست یان ئاماژەكان بەرەو رێككەوتنی سیاسی دەچن

:: AM:11:06:02/05/2024 ‌
كێشەی پۆستی پارێزگاری كەركووك وەك خۆی ماوەتەوە و تا ئێستە یەكلا نەكراوەتەوە، رۆژنامەیەكی نیمچە فەرمیی عێراق ڕای دەگەیەنێت، ئاماژەكان بەرەو رێككەوتنی سیاسی دەچن.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی ئایار، رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمیی عێراق، راپۆرتێكی لەبارەی یەكلابوونەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووك بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، هەنگاوەكان بەرەو رێككەوتنی سیاسی دەچن.

پێشتریش لە كۆبوونەوەی لایەنە براوەكانی كەركووك لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، "دڵنیایی دابووە لایەنە كوردییەكان كە پۆستی پارێزگاری كەركووك بۆ كورد دەبێت".

پرسی دیاریكردنی پارێزگاری كەركووك جێی بایەخی ناوخۆیی و هەرێمییە، لایەنە كوردییەكان دوای زیاتر لە شەش ساڵ لە لەدەستدانی پۆستەكە، لە هەوڵدان پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دابنێنەوە.

عەرەب و توركمان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون پارێزگاری كەركووك بدرێتەوە بە كورد و ترسی پەراوێزخستنیان هەبووە، بەڵام سوودانی بەڵێنی پێ داون كە ئەوە ڕوو نادات، بۆیە تا ئاستێك نەرمییان نواندووە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك یەكلا كراوەتەوە و دەدرێت بە عەرەب، بەڵام دوو لایەنە براوەكەی عەرەب زیاتر لە كاندیدێكیان هەیە، بڕیاردەری ئەنجوومەنەكە و قایمقامی كەركووكیش بۆ توركمان دەبێت.

غەریب عەسكەری جێگری سەرۆكی چوارچێوەی توركمانی رای گەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لیژنەیەكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكە و نزیككردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكان پێكهێناوە. گفتوگۆكانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێی بەردەوامە.

عەسكەری داوا لە هەموو لایەك دەكات، یەكگرتوویی عێراق بپارێزن و پشتیوانی حكوومەتی فیدراڵی بكەن تا بتوانرێت كێشەكان چارەسەر بن.

زیاتر لە پێنج مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوە چووە، بەڵام تەنیا دوو پارێزگا، نەتوانراوە پۆستی پارێزگاكەی یەكلا بكرێتەوە ئەوانیش دیالە و كەركووكن.



وشە - سۆران عەزیز