پێنج كۆمپانیای هاوردەكردنی دەرمان لە هەولێر داخران

:: PM:01:42:02/05/2024 ‌
چاكسازیكردن لە كەرتی دەرمانی هەرێمی كوردستان، بەردەوامە بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان، بە هۆكاری فرۆشتنی دەرمانی بێ ستیكەر، پێنج كۆمپانیای هاوردەكردنی دەرمانی لە هەولێر داخست.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان بڵاوی كردووەتەوە، لە پشكنین و بەدواداچوونەكانی بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانیی قایمقامییەتی ناوەندیی هەولێر، پێنج كۆمپانیای هاوردەكردنی دەرمان لە هەولێر، بە هۆكاری فرۆشتنی دەرمانی بێ ستیكەر داخران.

باس لەوەش كراوە، تیمی چاودێریی بازاڕی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان، بەردەوامن لە بەدواداچوونەكانیان بۆ رێگرتن لە مامەڵەكردن بە دەرمان و بەرهەمی دەرمانسازیی بێ ستیكەر، كوالێتیی خراپ، نایاسایی و قەدەغەكراو، سەرپێچیكارانیش رێكاری یاساییان لە بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان، هاونیشتمانییان ئاگادار دەكاتەوە كە تەنیا دەرمانی بە ستیكەر بكڕن و خۆیان بەدوور بگرن لە بەكارهێنانی دەرمانی بێ ستیكەر.

داخستنی ئەو كۆمپانیایانە لە كاتێكدایە، ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وردی چاودێری كۆمپانیاكانی دەرمان دەكات و لە ماوەی رابردوودا چەندان دەرمانخانەشی داخست.



وشە - رامیار جەواد