سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە وەزیری كارەبای فیدراڵ دەكات

:: PM:01:50:02/05/2024 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە وەزیری كارەبای عێراق كرد و ئاماژەی بە هێرشە تیرۆریستییەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر كرد و دووپاتی كردەوە، هێرشكردنە سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان، زیانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی ئایار، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە زیاد عەلی فازڵ وەزیری كارەبای فیدراڵ كرد.

لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی كار و پڕۆژە و چاكسازییەكانی كەرتی كارەبا، پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لە پێناو باشتركردنی دۆخی كارەبا كرا.

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بە هێرشە تیرۆریستییەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر كرد و دووپاتی كردەوە، هێرشكردنە سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان، زیانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق هەیە و پێویستە كۆتایی بەو پەلامارانە بهێنرێت و ڕێی لێ بگیرێت.

سەرۆكی حكوومەت ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ هەر هاریكاری و هاوئاهەنگییەكی پێویست لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ دەربڕی لە پێناو پەرەپێدانی ژێرخانی وزە، كە پێویستە ئەنجامدانی هەر كار و پڕۆژەیەكیش، تەنیا لە ڕێی دامەزراوە فەرمییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بێت.

وەزیری كارەبای عێراق، ستایشی هاوئاهەنگی و پێوەندیی باشی نێوان هەردوو وەزارەتی فیدراڵ و هەرێمی كرد، بە ئاراستەی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان كە ئامانجی هاوبەشی هەردوولایە.



وشە - رامیار جەواد