به‌رپرسێكی باڵای پارتی رای گه‌یاند، هه‌ڵبژاردنێك ناكه‌ن ده‌وڵه‌تێكی تر دیزاینی كردبێت، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت هه‌موو گه‌لی كورد و پێكهاته‌كان له هه‌ڵبژاردن به‌شدار بن، ئه‌وه خه‌ونه و ناكرێت به‌بێ پارتی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه بچێت.
دیاری حوسێن ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، به "وشه"ـی ڕاگه‌یاند، سه‌رۆك بارزانی له كاتی ڕاپه‌ڕین له كۆیه په‌یامی هه‌ڵبژاردنی ڕاگه‌یاند، ئیداره و ده‌سه‌ڵات شه‌رعییه‌تی شۆڕشێگڕی بگوازرێته‌وه بۆ شه‌رعییه‌تی یاسایی و ده‌ستووری له ڕێی سندووقی ده‌نگدانه‌وه.
ئه‌و ده‌ڵێ، ''پارتی هه‌مووكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن بووه له كاتی خۆیدا، دوو ساڵ بوو پارتی داوای ده‌كرد هه‌ڵبژاردن بكرێت و لایه‌نه‌كانی تر نه‌هاتنه پێشه‌وه، ئێسته ده‌بینن له وڵاتێكی تره‌وه به‌رنامه داده‌ڕێژرێت بۆ هه‌ڵبژاردن، ئێمه گوتمان به كۆمسیۆنی كوردستان هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه بچێت، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده نه‌بوون، چونكه له كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنی كوردستان، به‌رنامه‌سازی و دیزاینی هه‌ڵبژاردن و دیاری كردنی كورسییه‌كانیان بۆ نه‌ده‌كرا.''
خوازیاری ئه‌وه نین په‌ڵه‌ی ڕه‌ش هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و دیموكراسییه
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی ده‌ڵێ، خوازیاری ئه‌وه نین په‌ڵه‌ی ڕه‌ش هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و دیموكراسییه‌ی باسی ده‌كه‌ن، دیموكراسییه‌كیان ده‌وێت هه‌موو حزب و پێكهاته‌كان و گه‌لی كوردستان بتوانن بڕیار بده‌ن، زۆرینه‌ی بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی تر ده‌درێن، ناخوازن هه‌ڵبژاردنێك بكرێت له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بڕیاری بۆ ده‌ربچێت.
كوردستان له ده‌ره‌وه روویه‌كی جوانی هه‌یه به‌هۆی پێكه‌وه‌ژیان و پارتی ده‌یه‌وێت پێكهاته‌كان به توركمان و مه‌سیحی و ئه‌رمه‌ن، نوێنه‌ریان هه‌بێت له په‌رله‌مان، بۆ له عێراق كۆتای پێكهاته‌كان هه‌بێت و شه‌رعی بێت له كوردستان یاسایی نه‌بێت! دیاره ده‌یانه‌وێت كێشه بۆ كوردستان دروست بكه‌ن، ده‌خوازن كورسیی كۆتاكان بگه‌ڕێته‌وه، له وێستگه‌ی ده‌نگدان ده‌نگه‌كان به ده‌ست بژمێرێن و ئه‌و 400 هه‌زار كه‌سه‌ی په‌نجه‌مۆریان ناخوێنێته‌وه مافی ده‌نگدانیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه.
دیاری حوسێن پێی وایه خه‌باتیان كردووه و قوربانییان داوه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان وه‌ك گه‌لی كورد بڕیار له‌باره‌ی چاره‌نووس بده‌ن، ناكرێت و نابێت به‌بێ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه بچێت.
هه‌ڵه‌بجه \ عه‌زیز ڕه‌سووڵ