ده‌موچاوی مرۆڤێكی نیانده‌رتاڵ له‌ شانه‌ده‌ری كوردستان له‌سه‌ر ئێسكه‌كه‌ی دروست كرایه‌وه‌

:: PM:04:07:02/05/2024 ‌
ده‌موچاوی مرۆڤێكی نیانده‌رتاڵ له‌سه‌ر ئه‌و ئێسكه‌ی دروست كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2015 به‌ریتانییه‌كان به‌ هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ر دایه‌نه‌ تیمێكی به‌ریتانی، ئێسكه‌كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ 75 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و مێینه‌یه‌. 

پێگه‌ی ''BBC'' به‌ریتانی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، زاناكانی بواری شوێنه‌وارناسی و مرۆڤ ناسی، ده‌موچاوی مرۆڤه‌كه‌یان به‌ شێوازی مۆدێرنی 3D  دروست كردووه‌، جێی باسه‌ ئه‌م تێكۆشانه‌ی زانا به‌ریتانییه‌كان كراوه‌ به‌ دۆكیۆمێنتاری و له‌ پێگه‌ی جیهانی ''نێتفلێكس'' په‌خش ده‌كرێت، دۆكیۆمێنتارییه‌كه‌ باس له‌ ئه‌و باوباپیرانه‌مان ده‌كات كه‌ تا 40 هه‌زار ساڵ لەمەوبەر له‌ ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ر ژیاون. 

شاره‌زایان ده‌ڵێن، ئێسك و ده‌موچاوه‌ دروستكراوه‌كه‌ی ئه‌و ژنه‌، یارمه‌تییان ده‌دات له‌ ئاشكراكردنی شێوازی ژیانی مرۆڤی نیانده‌رتاڵ، ئه‌و ئێسكه‌ له‌ ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ر بینراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشووری كوردستان. 

ئێسکەکان لێکدراون و دەمووچاوی ژنەکەیان وێنا کردووە
له‌ ساڵی 2015 كاتێك به‌ریتانییه‌كان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد، زاناكان له‌ شانه‌ده‌ر به‌شه‌كانی تری ئه‌و مرۆڤانه‌ی نیانده‌رتاڵیان دۆزییه‌وه‌، وه‌ك شان و ده‌ست و په‌نجه‌یان، هه‌موو ئه‌و به‌شانه‌ی مرۆڤه‌كه‌ له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندیی هه‌رێم نێراونه‌ته‌ به‌ریتانیا، له‌وێ له‌ ژێر چاودێری زانا به‌ریتانییه‌كان پێكه‌وه‌ لكێدراون و توانراوه‌ له‌سه‌ر ئێسكه‌كان، ده‌موچاوه‌كه‌ی به‌ شێوازی مۆدێرن دروست بكرێته‌وه‌. 

ئه‌و ژنه‌ی نیانده‌رتاڵ ته‌مه‌نی 40 ساڵ بووه‌ كه‌ گیانی له‌ ده‌ست داوه‌، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌و ژنه‌ ددانی به‌هێزتر بووه لە ددانی مرۆڤی ئێستە‌، ئه‌مه‌یش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ خواردنی جیڕتیان خواردووه‌. 

جێی باسه‌ گوڵ له‌سه‌ر ئێسكی مرۆڤه‌كه‌ی نیانده‌رتاڵ دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌یش نه‌ریتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌رده‌خات له‌ كاتی ناشتندا، زانا به‌ریتانییه‌كان ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ مرۆڤەکانی ئەوکات ناشتن و نه‌ریتی ئاینییان هه‌بووبێت، به‌ڵام ڕێزلێنان هه‌بووه‌ و وه‌ك ڕێزێك مردووه‌كانیان له‌ شوێنێكی دیاریكراو داناوه‌. 

سەلمێندرا کورد کۆنترین مرۆڤی سەر زەوییە
زانا به‌ریتانییه‌كان ده‌ڵێن، شانه‌ده‌ر ئه‌و تیۆری و ڕێبازانه‌ به‌رپه‌چ ده‌داته‌وه‌ كه‌ پێیان وابوو مرۆڤی نیانده‌رتاڵ دڕنده‌ بوون، به‌ڵكو پێمان ده‌ڵێ، مرۆڤی نیانده‌رتاڵ به‌ شێوازی ئاسایی و مرۆڤانه‌ ژیاون و هه‌ست و سۆز و نه‌ریتی مرۆڤانه‌یان هه‌بووه‌. 

دۆزینه‌وه‌ی كۆنترین ئێسكی مرۆڤ له‌ شانه‌ده‌ر، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ كه‌ مرۆڤی كورد كۆنترین مرۆڤی دنیایه‌ و چیاكانی كوردستان و ئه‌شكه‌وته‌كانی شوێنی كۆنترین و یه‌كه‌مین مرۆڤه‌كانی دنیان.








وشە - ئارا هێمن