بۆینگ بە پڕۆژەیەك كورتهێنانی بودجەی پڕ كردەوە

:: AM:11:34:02/05/2020 ‌

كۆمپانیای گەورەی فڕۆكەسازیی بۆینگ، توانی بە فرۆشتنی كاغەزی دارایی قەرەبووی كورتهێنانی بودجەكەی بكاتەوە و خۆی لە یارمەتییە داراییەكانی ‌حكوومەت بپارێزێت، بەم كارەش 25 ملیار دۆلار كۆ بكاتەوە.

كۆمپانیاكە باسی لەوە نەكردووە ئەو كاغەزە داراییانەی بە چ سوودیك فرۆشتووە، بەڵام چاوەڕوانی هەبوو 10 تا 15 ملیار دۆلار كۆ بكاتەوە، كەچی توانی نزیكەی دوو هیندە كۆ بكاتەوە.

پێشتر باس لەوە كرابوو بەرپرسانی كۆمپانیاكە خەریكی گفتوگۆن لەگەڵ سێ بانكی بەناوبانگ، خستنەڕووی كاغەزی داراییش تا رۆژی دووشەم درێژەی دەبێت.

كۆمپانیای بۆینگ ئەو دەرفەتەی هەبوو بتوانێت بە قەبارەی 17 ملیار دۆلار قەرز لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا وەربگرێت. ئەو كۆمپانیایانەی رۆڵیان هەیە لە دابینكردنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، ئەوا بۆیان هەیە قەرز لە ‌حكوومەت وەربگرن.
لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 641 ملیۆن دۆلار زیانی بەركەوتووە

بەگوێرەی دۆیچەویلە سێ رۆژ لەمەوبەر بۆینگ بڵاوی كردبووەوە، لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 641 ملیۆن دۆلار زیانی بەركەوتووە و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو داهاتەكەی بە رێژەی 26% دابەزیوە .

لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا داهاتی بۆینگ نزیكەی 17 ملیار دۆلار بووە، كەچی ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا دوو ملیار دۆلار قازانج و سەرووی 23 ملیار دۆلاریش داهاتی هەبووە.



وشە - سلێمان تاشان