ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ناتوانێ بڕیار لەسەر لامەركەزی بدات

:: AM:11:54:02/05/2020 ‌
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ناتوانێ بڕیار لەسەر لامەركەزی بدات و تەنیا ڕاپۆرتێكی هەمواركراو ئامادە دەكات.

ئەمڕۆ شەموو دووی ئایار، زیاد كاكە ڕەزا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2009، ئەنجوومەن ناتوانێ بڕیار لەسەر لامەركەزی بدات، بەڵكو دەتوانێ هەموارێك لە یاساكە بەرز بكاتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ناتوانرێ دەنگیش بە پڕۆژەیەكی لەو شێوەیە و لە ڕاپۆرتەكەی خۆشیان بدەن 
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتی، تەنانەت لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ناتوانرێ دەنگیش بە پڕۆژەیەكی لەو شێوەیە و لە ڕاپۆرتەكەی خۆشیان بدەن لەسەر لامەركەزی، بەڵكو ئەنجوومەنی وەزیران دەركردەی بۆ دەكات.

باسی لەوەش كرد، ئەنجوومەنی وەزیران دەتوانێ هەندێك دەسەڵات بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەكان زیاد بكات، یان نووسراوێك بۆ پەرلەمان بكات تا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بكرێت كە چ دەسەڵاتێك بۆ پارێزگاكان زیاد بكرێت.

ڕوونی كردەوە، ئەو لێكدانەوانەشی بۆ بەشێك لە بابەتەكە دەكرێت، بەهەڵە تێگەیاندنی هاووڵاتییانە بۆ ئەوەی ناڕوونی هەبێت.

هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ فراوانكردنی دەسەڵاتەكانی بەڕێوەبەر و پارێزگار، كەچی بەهەوڵێكی سیاسی و حزبی ئەو بابەتە لێكدانەوەی تری بۆ دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد