نەوت هەفتەیەكی بەخێری بەڕێ كرد

:: PM:12:02:02/05/2020 ‌

دوای دوو هەفتە لە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا، یەكەم هەفتەی هەڵكشانی نرخ تۆمار كرا و بەرێژەی 23% لە بەهای نەوت زیادی كرد، ئەمەش بە ئاماژەیەكی باش بە ئاراستەی ئاساییبوونەوەی بازاڕی نەوت هەژمار دەكرێت.

نرخی نەوت تووشی دۆخێكی زۆر نالەبار بووبوو و بۆ نزمترین ئاستە مێژووییەكەی دابەزیبوو. كار گەیشتبووە ئەوەی نرخی نەوتی تێكساس بە زیان بفرۆشریت و خوارووی سفر تۆمار بكات. شەوی رابردوو هەردوو جۆری نەوت لە بەرزترین ئاست بەراورد بە دوو هەفتەی رابردوویان داخران.

بەگوێرەی dailyfx نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت لە سەرەتای هەفتە بریتی بوو لە 21 دۆلار و 50 سەنت، بەڵام لە كۆتایی هەفتەدا لە سەرووی 26 دۆلار و 50 سەنت داخرا و ئەوەش دەری دەخات نرخی نەوت لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا سەرووی 23% بەرز بووەتەوە، بەشێك لە دابەزینی دوو هەفتە پێشتری قەرەبوو كردووەتەوە. هاوكات نرخی نەوتی تێكساسیش لە نزیكەی 13 دۆلارەوە بۆ 19 دۆلار و 70 سەنت هەڵكشا. 
مانگی نیسان خراپترین مانگ بووە بۆ بازاڕی نەوت

مانگی نیسان خراپترین مانگ بووە بۆ بازاڕی نەوت و لەم مانگەدا بازاڕی هەردوو جۆری نەوتی برێنت و تێكساس بۆ خراپترین ئاست دابەزین. 

وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێك و رووسیا و وڵاتانی تر لە چوارچێوی رێككەوتنێكدا بڕیاریان داوە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە بۆ ئەوەی پاڵپشتی نرخی نەوت بكەن. سعوودیە و رووسیا بڕیاریان داوە بەیەكەوە نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە و رێككەوتنەكەش لە سەرەتای مانگی ئایارەوە جێبەجێ دەكرێت.

لەگەڵ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، پێشبینی كرابوو نرخی نەوتیش بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت، هەرچەندە ئاستی داخوازی لەسەر نەوت بۆ یەك لەسەر سێ دابەزیوە و رەنگە پێویست بەوە بكات وڵاتان بڕی زیاتری نەوت كەم بكەنەوە.





وشە - سلێمان تاشان