پەرلەمانتارێكی شیعە: دەستكێشانەوە كازمی بژارەیەكی گریمانكراوە

:: PM:08:44:02/05/2020 ‌

زانیارییەكان لەبارەی پێكهاتنی حكوومەتی مستەفا كازمی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق جیاوازن، لەو كاتەی باس لە نزیكیی پێكهێنانی كابینەی حكوومەت و خستنەڕووی ناوی وەزیرەكان لە پەرلەمان دەكرێت، پەرلەمانتارێكی شیعە هەموو ئەگەرەكان بە دەستكێشانەوەی كازمی، بە دوور نازانێت.
بەشێك لە شیعە و پێكهاتەكان لە كازمی رازی نین
مستەفا كازمی، لە 9ی نیسانی رابردوو، بە كۆدەنگی شیعە و پێكهاتەكانی عێراق بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، دوای دەستكێشانەوەی عەدەنان زورفی هاتە راسپاردن، ئەو لە 2016ەوە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراقە، لە سەرەتای ئەمساڵیش دوای كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە بەغدا، لەلایەن كەتیبەكانی حزبوڵاوە بە تێوەگلان لە كوشتنی ئەوان، تۆمەتبار كرا، دواتر لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە رەت كرایەوە.

محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح" بە سەرۆكایەتی هادی عامری بە "وشە"ی راگەیاند، بابەتی ناڕازیبوونمان بە وەزیرەكان نییە، ئێمە باسی ئەوەمان لەگەڵ كازمی كردبوو كە بە یەك شێوە مامەڵە لەگەڵ هەموو پێكهاتە و هێزە سیاسییەكان بكرێت، بۆیە ئەمڕۆ ناڕەزایەتیمان بەرانبەر بەو نایەكسانیەیە كە هەوڵی رازیكردنی هەندێك هێز دەدرێت، لەسەر حیسابی ئەوانیتر لە دیاریكردنی وەزیرەكان، وەك "فەتح"، لەگەڵ سەرۆك وەزیران رێككەوتین، لەگەڵ هەمووان بە یەك شێواز هەڵسوكەوت بكات لە كورد و سوننە و شیعە، بۆیە ئێمە ناڕەزایەتیمان هەبووە.

بەپێی سەرچاوەكان هاوپەیمانی "فەتح"، ناڕەزایەتی بەرانبەر پێنج كاندیدی وەزیرانی كازمی هەیە، ئەوانیش حارس حەسەن بۆ وەزارەتی دەرەوە، وەك كاندیدێكی سەربەخۆ، ئەو دكتۆرای لە زانستە سیاسییەكان هەیە و پێوەندی باشی نێودەوڵەتی هەیە، دووەمیان هیشام داوودە بۆ وەزارەتی رۆشنبیری، سێیەمیان د حەسەن نازمە، كاندیدی وەزارەتی خوێندنی باڵا و چوارەم كازم سەهلانییە، سەربەخۆ و خۆپێشاندەر، پێنجەم عەدنان زورفییە.  

بەلداوی لەبارەی بژارەكانی ئێستەی بەردەم سەرۆك وەزیران دوای ناڕەزایەتی "فەتح"، گوتی، سەرۆك وەزیران بە شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ هێزە سیاسییەكان دەكات كە هەموو شتیان پێ نادات بێبەشیشیان ناكات، تا دوا ساتەكان گفتوگۆیان لەگەڵدا دەكات، بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵیان، پێكهاتەكان لاریان هەیە بەوەی گفتوگۆیان لەگەڵدا نەكراوە، بۆیە ئەوان دەڵێن فەرامۆش كراون لە دیاریكردنی نوێنەرانیان.

لەبارەی دوا وادەی سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان، بەلداوی دووپاتی كردەوە، ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی و دووڕیانێك، یان بەرەو دەنگدان لەسەر كابینەی حكوومەتەكە دەچین، ئەوەیش لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە یان لە هەفتەی داهاتوو، یان پرۆسەی پێكهاتنی حكوومەت بەربەستی تێ دەكەوێت، جا یان بەهۆی دەنگنەدان بە حكوومەتەكە و تێنەپەڕاندنی، یان دەنگنەدان بە بەشێك لە وەزیرەكانی، یان راسپێردراو دەست دەكێشێتەوە، كە ئەگەرێكی زۆر گریمانكراوە، بەڵام دواهەمین بژارەیە.

ئەمڕۆ شەموو عەبدولخالق عەزاوی، پەرلەمانتاری شیعە دووپاتی كردەوە كە لە ماوەی ئەم هەفتەیە پرسی سازكردنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە حكوومەتی مستەفا كازمی یەكلا دەبێتەوە، بۆیە بە كردەنی پرۆسەی ئامادەكردنی هۆڵی گەورەی پەرلەمان دەستی پێ كردووە، وەك ئامادەسازییەك بۆ دانیشتنەكە.

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل