گەرمیان قبووڵ ناكات برسی بكرێ.. لامەركەزی نەگەڕانەوەی داهات بۆ حكوومەت نییە

:: PM:09:20:02/05/2020 ‌

 كاردانەوەكان بەرانبەر نیاز و پیلانی تاقمێكی ناو یەكێتی ئاشكرا دەبێت بۆ پرسی لامەركەزی ئیداری، نوێنەری گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، دەڵێت، لە كاتی پەسەندكردنی ئەو پرسەدا، دەبێ داهات بۆ مەركەز بگەڕێتەوە كە هەولێرە، گەرمانییەكانیش دەڵێن، رێگە نادەین گەرمیان چیتر بكرێتە قوربانی پڕۆژە و نیازە سیاسییەكانی هێزێكی دیاریكراو.
نیوە كەمتری داهاتی گەرمیان خەرج بكرایە، ناوچەكە هێندە بێ خزمەتگوزاری نەدەبوو
 كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان، بە "وشە"ی راگەیاند، خوێندنەوەی هەڵە بۆ پرسی لامەركەزی كراوە، بە جۆرێك هەندێك وا تێگەیشتوون كە داهات نەگەڕێتەوە بۆ مەركەز و لە سنووری ناوچەیەكی دیاریكراو كۆ بكرێتەوە و وەك جۆرە سەربەخۆییەك لە ناوچەیەكی دیاریكراو مووچەی پێ دابەش بكرێ و پڕۆژەی پێ جێبەجێ بكرێ، بەوشێوە نییە.

زیاتر گوتی، لەكاتی لامەركەزیشدا دەبێت داهات بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حكوومەت بە بێ دواكەوتن، بەتایبەت گەرمیان كە خاوەنی نەوت و داهاتە، ئێمە وەك بزووتنەوەی گوڕان و نوێنەرانی گەرمیان، زیاتر چاودێری داهاتەكان دەكەین.
 
لای خۆیەوە هێمن حەسەن، وەك شارەزایەكی ئابووری لە گەرمیان بۆ"وشە" دووپاتی كردەوە، ساڵانێكە داهاتی گەرمیان تاڵان دەكرێ و بە تانكەر نەوتی ئاودیوی ئێران دەكرێ و كۆمپانیای حزبی لە مەرزی پەروێزخان داهات كۆ دەكاتەوە، بۆیە مەبەستی سیاسی و ئابووری لە پشتی پرسی لامەركەزییەوە هەیە.

دووپاتی كردەوە، گەر لە نیوە كەمتری داهاتی دزراوی گەرمیان بۆ خەڵكی گەرمیان خەرج بكرایە، ناوچەكە هێندە بێ پڕۆژە و بێ خزمەتگوزاری نەدەبوو.

كاروان محەمەد، وەك كادرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، هاووڵاتییانی گەرمیان لەوە تێگەیشتوون كە نیازێك هەیە بۆ بە تاڵانكردنی زیاتری داهاتی مەرز و بیرە نەوتەكان، بۆیە هیچ پیلانێك لە ژێر هیچ ناوێكدا، سەر ناگرێ و گەرمیان چیتر قبووڵ ناكا برسی بكرێ.

 مەحموود كەلاری، وەك خاوەن كار و بازرگانێكی دیاری ناوچەكەیە، بۆ "وشە" بڕوای خۆی پێشان دا كە زۆرینەی پڕۆژە سیاسییەكانی سنووری سلێمانی، مەبەستیان لە پشتە، چونكە بە هی رێگری و هەوڵی خۆهاوبەشكردن لە پڕۆژەكانی گەرمیان لە ماوەكانی رابروودا زۆر وەبەرهێن ناوچەكەیان جێهێشتووە، جا بۆ داهاتوو بەرپرسان زیاتر دەستكراوەبن داهات تەنیا بۆخۆیان دەبەن.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل