سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوا لە پەرلەمانتاران دەكات لە بەغدا ئامادە بن

:: PM:11:10:02/05/2020 ‌

وەك ئاماژەیەك بۆ سازكردنی دانیشتنی متمانەدان بە كابینەی حكوومەتی مستەفا كازمی راسپێردراو، كە زانیارییەكان ئاماژە بۆ تەواوبوونی كابینەی حكوومەتەكەی دەكەن، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای لە ئەندامانی پەرلەمانەكە كرد بۆ ئامادەبوون لە بەغدا لە رۆژی دووشەمی داهاتوودا.
دەنگدان لەسەر حكوومەتی كازمی نزیك بووەتەوە
وەك لە بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هاتووە، وەك ئامادەسازییەك بۆ بەستنی دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتی نوێی عێراق لە ماوەی ئەم هەفتەدا، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان داوای لە ئەندامانی پەرلەمان كرد بۆ ئامادەبوون لە بەغدا لە دووشەمی داهاتوودا.

روونی كردەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش، گەشتێك لە هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی و یەكێكی تر لە فڕۆكەخانەی بەسڕە بۆ گواستنەوەی پەرلەمانتاران بۆ بەغدا رۆژی دووشەم رێكدەخرێت، دواتر وادەی دانیشتنی پەرلەمان دیاری دەكرێت.

بەپێی چەند سەرچاوەیەك رەنگە دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتی مستەفا كازمی بكەوێتە سێشەم یان چوارشەمی ئەم هەفتەیە، ماوەی راسپاردنی لە 8ی ئەم مانگە كۆتایی دێت، كە لە 9ی نیسانی رابردوو هاتە راسپاردن و دەستووری عێراق 30 رۆژی بۆ دیاری كردووە بۆ پێشكەیشكردنی بەرنامە و كابینەی حكوومەتەكەی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل