وەزیری دەرەوەی رووسیا لەبارەی پڕۆسەی رزگاركردنی مووسڵ بۆ میدیاكان ئاشكرای كرد، ئەگەر چەكدارانی داعش بیانەوێت لە مووسڵەوە بەرەو سووریا رابكەن، ئەوا رووسیا لەوبارەیەوە بڕیاری گونجاو و پێویست دەردەكات.
ئەو گوتی "ئەوەندەی من ئاگادار بم شارەكە بەتەواوی گەمارۆ نەدراوە و هیوادارم هۆكاری ئەو گەمارۆ نەدرانە ئەوە بێت كە ئەوان ناتوانن بە ئاسانی ئەو كارە بكەن، نەك بەو هۆكارەی مەبەستیان نەبووە شارەكە بە تەواوی گەمارۆ بدەن و ئەوەش لەوانەیە ئەوەی لێ بكەوێتەوە چەكدارانی داعش بەم شێوەیە شارەكە جێ بهێڵن."
ئەو لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتی دۆخەكە هەڵدەسەنگێنن و ئەگەر شتێكی ئاوا روو بدات، ئەوا بڕیاری سیاسی و سەربازیی گونجاو دەردەكەن و هیواشی خواست ئەم ریكا و هاوپەیمانان كە لە شەڕی رزگاركردنی مووسڵ رۆڵی سەرەكییان هەیە ئەو خاڵە لەبەرچاو بگرن.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا باسی لەوەش كرد هێرشی هێزەكانی ئاسمانی رووسیا لە شاری حەلەب دەوەستێنرێت و مەبەستیان ئەوەیە تیرۆریستان لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا جیا بكەنەوە.
پێشتر رووسیا رای گەیاندبوو رۆژی پێنجشەم بۆ ماوەی هەشت سەعات ئاگربەست رادەگەیەنرێت و رێگە بە هێزەكانی سوپای ئازاد لە نێوشاری حەلەب دەدەن تا لە دوو شوێنەوە شارەكە جێ بهێڵن.
سەرچاوە/Russia Report