ورده‌كاری شه‌ڕی نێوان دوو ماڵباتی ده‌ڤه‌ری برادۆست له‌سه‌ر زه‌وی بخوێننه‌وه‌

:: PM:02:12:26/06/2020 ‌
سێ ڕۆژ بەر لە ئێستە، له‌ گوندێکی سنووری شارەدێی سیدەکان سەر بە شارۆکەی سۆران شەڕ لە نێوان دوو ماڵبات ڕوویدا و ئەوکات سێ کەس دەست بەجێ گیانیان لە دەست دا و دوو کەسی تریش برینداربوون.

دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەمی ڕابردوو بەهۆی ناكۆكی لەسەر زەوی و زار كێشە كەوتە نێوان دوو ماڵبات و شەڕ و پێكدادان لە نێوانیان ڕوویدا، هێزە ته‌ناهییه‌كان گەیشتنە گوندی كەژەك و هێزیان بڵاو پێكردووە.

شەماڵ دێواری گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "ماوەی چەندان ساڵە کێشەی زەوی و زار لە نێوان چەند ماڵباتێکی گوندی کەژەک هەیە و چارەسەر نەکراوە، لە کۆتایی مانگی ڕەمەزان هەر بەهۆی ناکۆکی نێوانیان لەلایەن  ماڵباتێك سەتان داری سرووشتی سپی کران تا ووشک ببنەوە و لە ڕۆژانی ڕابردوویش کێشەکە گەیشتە ڕادەی شەڕکردن و  کوشتن".

زیاتر گوتی، "ڕۆژی یەکەمی شەڕەکە سێ کەس گیانیان لە دەست دا، دوو کەسی تریش بریندار بوون، دوێنێ ئەوانی تریش کە برینیان سەختبوو گیانیان لە دەست دا".

ڕوونى كرده‌وه‌، "قوربانییەکان کە ژمارەیان پێنج کەسە و سەرجەمییان لە ماڵباتێکی گوندی کەژەکن بە ناوەکانی "ئ . ع" تەمەن 75 ساڵ  - "ق . س" تەمەن 30 ساڵ - "س . ب" تەمەن 20  ساڵ - "ج . ب" تەمەن 31 ساڵ - "ئ . ب" ته‌مه‌ن 34 ساڵ،  پێکهاتوون لە مامێک و چوار لە برازاکانی کە سێ کەس برای یەکتربوونه‌.

ئەو بەرپرسەی پۆلیسه‌ ئاشكراى كرد، "پێنج كەسی سەرەكی لە ئەنجامدەرانی ئەو ڕووداوە گیراون، ئێستا دۆخی گوندی كەژەك لەلایەن هێزی پۆلیس و پێشمەرگە و ئاسایش لە ژێر كۆنتڕۆڵ دایە".

سیدەکان یان برادۆست لە ڕووی کارگێڕیەوە سەر بە شارۆکەی سۆرانە بە دووری 144 کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵکەوتووە و خاوەنی 250 گوندە، 20 هەزار کەس ڕێژەی دانیشتووانی دەڤەرەکه پێکدێنێت.

سیدەکان/ موڕشید برادۆستی


وشە - محەمەد میران