خۆپێشاندەران: پاڵپشتی لە سنوورداركردن و چەكداماڵینی حەشدی شەعبی دەكەین

:: PM:08:24:27/06/2020 ‌

شەوی پێنجشەم لەسەر هەینی رابردوو هێزێكی دژەتیرۆری عێراق و هەواڵگری بە پاڵپشتی هێزێكی تایبەتی ئەمەریكا، هەڵیان كوتایە سەر ناوچەی دۆرە لە نزیك بەغدا و ژمارەیەك ئەندامی میلیشیاكانیان گرت، كە سەرقاڵی خۆسازدان بوون بۆ بۆردمانكردنی چەند ئامانجێك لە بەغدا، لەوانە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی و باڵوێزخانەی ئەمەریكا، بۆیە 14 چەكداریان گیران، جگە لە دەستگرتن بەسەر دوو سەكۆی مووشەك، زۆرێك لە شارەزایان ئەو هەنگاوەی حكوومەتی عێراقیان بە سنووردانان بۆ شێواندنی دۆخەكە لەلایەن حەشدی شەعبی لەقەڵەم دا و پاڵپشتیان كرد.
تۆپەكە لە یاریگەی كازمیدایە بۆ سەپاندنی شكۆی دەوڵەت
خەتاب تەمیمی، چالاكێكی خۆپێشاندەرانی بەغدا بۆ "وشە"، روونی كردەوە، ئێمە لە هۆكارەكانی دەرچوونمان بۆ گۆڕەپانی خۆپێشاندانەكان، ناڕەزایەتی بووە لە بوونی چەك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، هەڕەشەكردن لە نێردە دیلپۆماسییەكان لە بەغدا، كە هەموو ئەوانە میلیشیاكانی سەر بە ئێران پێی هەڵدەستان، ئەوەیش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پلانی فرەوانخوازی ئێران لە ناوچەكە، بۆیە ئەو هەنگاوەی مستەفا كازمی، بە گرتنی ژمارەیەك ئەندامی حزبوڵا كە دەیانویست ئەو ئەجیندایە جێبەجێ بكەن، بۆ كازمی دەبێتە دەستكەوت.

زیاتر گوتی، بۆ یەكەمجارە شەقام یەكدەنگ دەبێت بەرانبەر هەنگاوێكی حكوومەت و پاڵپشتی دەزگای دژەتیرۆر بكات، دوێنێ رێپێوانێكی گەنجانەمان لەناو گۆڕەپانی تەحریر بەڕێوە برد، ئەوەیش وەك پاڵپشتییەك بۆ ئەو پڕۆژەی بە مەستی بنیاتنانی دەوڵەتێكی بەهێز دەستی پێ كراوە.

ئەو چالاكە روونی كردەوە، هەمووان بەو كارە تیرۆریستیانەی میلیشیای حزبوڵا و گرووپەكانی تر پێی هەڵدەستن، دەزانن و قسەكانی شەوی رابردووی قەیس خەزعەلی، سەركردەی عەسائیب كە هەڕەشەی ئاشكرای لە حكوومەت كرد، بەهەمان شێوە قسەكانی ئەبو عەلی عەسكەری، گوتەبێژی سەربازی كەتیبەكانی حزبوڵا بە هەمان شێوەی بەرپرسی بزاوی نوجەبا و خوراسانی و هیتریش، ئەوان بە ئاشكرا هەڕەشەیان لە حكوومەت كرد و لە نزیك ناوچەی سەوز كاروانی ئۆتۆمبیڵەكانیان نمایش كرد، هەموو ئەوانە پەیامێك بوو بۆ حكوومەت بەوەی ئەوان بەهێزترن.

تەمیمی روونی كردەوە، راستییەكەی دەركەوت كە دۆخەكە پێچەوانەوەیە و ئەوان هاوتای دەوڵەت نین و ئەگەر و كازمی دەتوانێت فەوجێكی دژەتیرۆر رەوانە بكات و ئەوان لەناو ببات، بۆیە ئەمڕۆ كازمی هەلێكی زیڕینی لەپێشە و هەموو گەنجان و گەلی عێراق پاڵپشتی لە هەنگاوەكانی دەكەن بە ئاراستەی كۆتاهێنان بە دەسەڵاتی ئەو میلیشیا لەیاسا دەرچووانە كە هەموو سنوورێكیان تێپەڕ كردووە لە كوشتن و راگواستن و وێرانكاری.

ئەو چالاكەی بەغدا ئاماژەی كرد، ئەو میلیشیایانە لەیاسا بەدەرن و هەموو شتێكیان ئەنجام داوە كە مرۆڤایەتی و ئاین قبووڵی ناكات، ئەوان سەر بە ویلاتی فەقێكانی ئێرانن، ئەوان كاتێك هێرش دەكەنە سەر ئەمەریكا و هاوپەیمانان، لافی ئەوە لێدەدەن كە بەرگریكارن و لە دەرەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبین، ئەوكاتەیشی ئاشكرا دەبن و دەگیرێن و لەلایەن ئەمەریكا دەكرێنە ئامانج، دەڵێن حەشدی شەعبین. 

 "ئەمڕۆ هەمووان رێككەوتوون بە كۆتاهێنان بەو گرووپانە و چەند هەنگاوێكی تر هەیە بۆ كۆتاهێنان بەوان و دووبارە رێكخستنەوەیان لە عێراق، چونكە ئەوان دەستدرێژیان كردووەتە سەر دەوڵەت و دەوڵەتێكیان لەناو و هاوتا بۆ دەوڵەتی عێراق دروست كردووە، راستییەكەیشی ئەوان گرووپێكی ستەمكار و لەیاسا دەرچوو و ترسنۆكن كە توانای جەنگیان نییە، بۆیە لە رۆژانی داهاتوودا چەند گۆڕانكارییەك روو دەدات و تۆپەكەیش لە یاریگەی كازمیدایە، ئەمڕۆ پاڵپشتییەكی جەماوەری بۆ هێزە تەناهییەكان هەیە بۆ سەپاندنی شكۆی دەوڵەت و یاسا بەسەر هەمووان"، تەمیمی وای گوت.

لەوكاتەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە پۆست و دەسەڵاتە ناشەرعییەكان لە حزبەكان وەردەگرینەوە، جاسم حلفی، سیاسەتوان و چالاكی چەپی عێراقی دەڵێت، كازمی دەتوانێت رووبەڕووی هێزە سیاسییەكان و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانیان ببێتەوە، چونكە ئێستە تەواوی گەلی عێراق خواستی گۆڕانكاری هەیە و تا ئێستە داواكارییەكان بۆ گۆڕانكاری هەستی پێ نەكراوە.

زیاتر گوت، بۆیە هەر هەنگاوێكی كازمی بەرەو گۆڕانكاری، پاڵپشتییەكی گەورەی جەماوەری دەبێت و وەك دەشزانن لە هێزی جەماوەر گەورەتر نییە، بۆیە ئەگەر حكوومەت بە ئاراستەی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خەڵك بچێت، ئەوان پاڵپشتی دەكەن، ئێستە گەندەڵی سەرانسەری كایەكانی وڵاتی گرتووەتەوە، بۆیە ئەو دەتوانێت بەهەنگاو بۆیان بچێت و پاڵپشتی لەلایەن جەماوەر دەكرێت، ئەوكاتیش میلیشیاكان و هێزە سیاسییەكان ناتوانن رێگە لە حكوومەت بگرن، چونكە دەكەونە بەرانبەر بە گەڵ، بۆیە گەل پەتی رزگاربوونی حكوومەتە.

حەلفی روونی كردەوە، نە هێزە سیاسییەكانی عێراق و نە وڵاتانی ناوچەكە كە پاڵپشتیان دەكەن بەو هەنگاوانەی كازمی رازی نین، ئەوان بێدەنگ دانانیشن، بەڵام ئەوە جەنگێكە و دەبێت كازمی دەستی پێ بكات، پێویستە چەك بە دەستی دەوڵەت بێت و پێویستە بارەگای چەكداران لە شارەكان دووربخاتەوە كە سەرچاوەی هێزی حزبەكانن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل