چاكبووەكانی كۆرۆناش تووشی كۆرۆنا دەبنەوە

:: PM:04:15:28/06/2020 ‌
زانیارییەكی باو هەیە هەر كەسێك تووشی كۆرۆنا ببێت و چاك بێتەوە، ئیتر تاهەتایە تووشی ڤایرۆسەكە نابێتەوە، بەڵام ئەمە رەت دەكرێتەوە و تەنانەت ئەوانەی بە قورسیش ڤایرۆسەكەیان گرتووە و چاك بوونەتەوە، لە داهاتوودا مەترسییان لەسەرە دیسان تووشی ڤایرۆسەكە ببنەوە.

دكتۆر كارزان شێخ موحسین سەرۆكی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ "وشە" روونی كردەوە، ئەوانەی تووشی كۆرۆنا دەبن، مەرج نییە تاهەتایە لەشیان بەرانبەر بە ڤایرۆسەكە بەرگری هەبێت.

ئەو دەڵێ بەپێی ئەو خوێندنەوەیەی بۆ دواین توێژینەوەكانی دنیا هەیانبووە، دەركەوتووە كەسێك كە بە سووكی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێت، لەوانەیە جۆرێكی بێهێز لە ڤایرۆسەكە بە لەشی گەیشتبێت و ئەگەر ڤایرۆسێكی نوێی كۆرۆنا بە لەشی چاكبووەكە بگات كە بەهێزتر بێ لە ڤایرۆسەكەی پێشوو، لەوانەیە تووشی كێشەی بكات.

بەگوتەی دكتۆر كارزان تەنانەت ئەو كەسانەش كە بە سەختی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و سەرجەم نیشانەكانی نەخۆشییەكە لە لەشیان بەدەركەوتووە و دواتر چاك بوونەتەوە، لە داهاتوودا لە بەردەم مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەكەن و دواین توێژینەوەكان ئەوەیان دەرخستووە لەشی كەسە چاكبووەكە 12 تا 18 مانگ دوای چاكبوونەوەی دەتوانێت بەرانبەر بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرگری هەبێت.

دكتۆر كارزان شێخ موحسین هیوادارە لە كۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ بەریتانیا بتوانێ پێكوتەكەی كۆرۆنا بەرهەم بهێنێت. روونیشی كردەوە زانكۆی ئۆكسفۆرد لەگەڵ دامەزراوەیەكی تر لە قۆناغی سێیەمی بەرهەمهێنانەكەدایە و سەركەوتنی تۆمار كردووە.

سەرۆكی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی سەڵاحەدین بە پێویستی دەزانێت، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە ئێستەوە لە بیری دابینكردنی پێكوتە بن  و پلانی درێژخایەنیان هەبێ هاوشێوەی هەندێك وڵات كە هێشتا پێكوتەكە بەرهەم نەهاتووە، كەچی پێكوتەكەیان كڕیوە.
یەك لیتر لەو پێكوتەیەی بڕیارە لە دژی كۆرۆنا بەرهەم بهێنرێت، بەشی یەك ملیۆن كەس دەكات.

ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەوەیە، یەك لیتر لەو پێكوتەیەی بڕیارە لە دژی كۆرۆنا بەرهەم بهێنرێت، بەشی یەك ملیۆن كەس دەكات. لە داهاتوودا تاكە رێی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكە، وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنایە و هاوشێوەی زۆر نەخۆشیی تر هیچ چارەسەرییەكی بۆ نەدۆزراوەتەوە. 

لە هەرێمی كوردستاندا پێنج هەزار و 533 كەس تووشی كۆرۆنا بوون كە لەو ژمارەیە 180 كەس گیانیان لە دەست داوە، سێ هەزار و 718 تووشبووش لەژێر چاودێریدان.


وشە - سلێمان تاشان