كۆرۆنا له‌ خانه‌قین ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌ و هیچ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بۆ تووشبووان ته‌رخان نه‌كراوه‌

:: PM:04:36:28/06/2020 ‌
به‌هۆی پشتگوێخستنی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و دابین نه‌كردنی پێداویستییه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌لایه‌ن به‌رپرسانی دیاله‌وه‌، په‌تای كۆرۆنا بووه‌ته ‌مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان.
بە ناچاری تووشبووانی کۆرۆنا رەوانەی باقوبە دەکەین

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 28ی حوزه‌یران، ئه‌یاد عه‌لی خێزانی یه‌كێك له‌ قوربانییه‌كانی په‌تای كۆرۆنا له ‌شارۆكه‌ی خانه‌قین به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، نه‌بوونی شوێنی تایبه‌ت بۆ تووشبووانی كۆرۆنا له‌ خانه‌قین جێی مه‌ترسییه‌ و پێویسته‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

دكتۆر ئازاد محه‌مه‌د ده‌لۆیی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی گشتی خانه‌قین بۆ "وشه‌" ئاشكرای كرد، راستییه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌ سنووری خانه‌قین جێ و ئامێری پێویستمان نییه‌ تا شوێنی تایبه‌ت به‌ تووشبووانی كۆرۆنا ته‌رخان بكه‌ین، بۆیه‌ ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی خانه‌قین ده‌مێننه‌وه‌ كه ‌گومانلێكراون و پشكنینه‌كانیان براوه‌ بۆ شارۆكه‌ی باقووبه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت  هه‌ڵگری ڤایرسی كۆرۆنان، بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شارۆكه‌ی باقووبه‌ بۆ چاره‌سه‌ر دێنه‌ ناردن، چونكه‌ لێره‌ نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت و ئامێری پێویست دابین نه‌كراوه‌.

به‌پێی ئاماری نه‌خۆشخانه‌ و بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كانی سنووری خانه‌قین تا ئێسته‌ چوار كه‌س به‌ په‌تای كۆرۆنا گیانیان له ‌ده‌ست داوه ‌و 15 كه‌سیش تووشی ئه‌و په‌تایه‌ هاتوون، به‌ڵام چالاكانی خانه‌قین به‌ گومانن له‌ ئاماری نه‌خۆشخانه ‌و بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كان و به‌هۆی ره‌خنه‌گرتنیان له‌و بابه‌ته‌، رووبه‌ڕووی دادگا كراونه‌ته‌وه‌ .

ئه‌میر عه‌لی چالاكی مه‌ده‌نی له‌ خانه‌قین به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، له‌سه‌ر روونكردنه‌وه‌ی زیاتر له ‌مه‌ترسییه‌كانی په‌تای كۆرۆنا و تووشبوونی به‌شێكی به‌رچاو له‌ هاووڵاتییان له‌لایه‌ن نه‌خۆشخانه‌ی خانه‌قینه‌وه‌، خۆی و چالاكێكی تر دراونه‌ته ‌دادگا.

دوو  مانگ پێش ئێسته‌ له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆلی یه‌كه‌می كۆرۆنا، له‌لایه‌ن خه‌ڵكی خانه‌قینه‌وه‌ ده‌ستكرا به‌ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ كۆرۆنا، به‌ڵام رێكاره‌كانی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ و چه‌ند گرفتێكی تر بوونه‌ته ‌له‌مپه‌ر له‌ به‌رده‌م ته‌واوبوونی نه‌خۆشخانه‌كه‌.

به‌پێی به‌دواداچوونی "وشه‌" خانه‌قین و چوار شاره‌دێ و نزیكه‌ی 260 گوند، ده‌بێ تووشبووانیان ببه‌نه‌ شارۆكه‌ی باقووبه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای دیاله‌.

 گه‌رمیان / سه‌بری هۆرێنی


وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 79 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌