17 ساڵە عێراق بە بەدەست چەندان تەنگژەوە دەناڵێنێت تا ئاستی بوونی نیشانەی پرسیار لەسەر دەوڵەتبوونی، لە وڵاتی ململانێكان، مستەفا كازمی، سەرۆكایەتی حكوومەتێكی كاتی دەكات، كەچی چاوەڕوانی چارەسەركردنی كێشەاكانی ساڵانی رابردووی لێ دەكرێت، چاودێران پێیان وایە داماڵینی چەكی میلیشیاكان كلیلی چارەسەری هەموو كێشەیەكە.
دژەتیرۆر تاكە دامەزراوەی پاكە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت
موئەیەد جحێشی، شارەزای ستراتیجی و تەناهی لەبارەی هەڵكوتانی دوایی هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق بۆ سەر بارەگایەكی حزبوڵا لە ناوچەی دۆرەی بەغدا بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی رووی دا ئەوە بوو كە ئەمەریكییەكان زانیاریان بە عێراق دا بەوەی گرووپێك بەنیازی هێرشی مووشەكین بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا و فڕۆكەخانەی بەغدا، بۆیە هێزێكی دژەتیرۆری عێراق هەڵیان كوتایە سەر شوێنەكە و دەركەوت كە ئەوانە بەنیازی هێرش بوونە.
زیاتر گوتی، ئەوەی رووی دا تاقیكردنەوە بوو بۆ مستەفا كازمی، ئەمەریكییەكان گوتیان ئەوەتا هێرش دەكرێتە سەرمان، ئاخۆ تۆ دەتوانی رێگری لێ بكەیت، چونكە لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی ئەو بابەتانە فەرامۆش دەكران، خەڵك دەگیرا و ئاشكرا دەبوون، بەڵام لێكۆڵینەوە نەبوو، رووداوەكە بەناوی نەناسراوەوە كۆتایی دەهات، ئەمجارە زانیارییەكان راست بوون و خەڵكانێك گیراون، بۆیە كازمی ناتوانێت هیچ بكات.
جحێشی روونی كردەوە، تۆ بەیارمەتی ئەمەریكییەكان 14 كەس بگریت كە سەرقاڵی هێرش بوونە و دوو سەكۆی هەڵدانی مووشەكیان لا بووە، ناتوانیت نكووڵی بكەیت، ئەو شوێنەی لێی گیراون شوێنی هەڵگرتنی مووشەك نییە، ئەو بارەگایە دەسەڵاتی ئەوەیان نییە مووشەكیان هەبێت، بۆیە ئەوان بەتاوانەكەوە گیراون، پێشبینی دووبارەبوونەوەی ئەو هەڵمەتانەیش هەیە.
"ئەو هەڵمەتەی دوایی بۆ سەر حزبوڵا رووداوێكی ئاسایی بوو، كاردانەوەی حزبوڵا و عەسائیبمان بینی كە چۆن هەڵیان كوتایە سەر ناوچەی سەوز و دەوریان دا و چوونە ناوییەوە، ئاخۆ كازمی دەتوانێت ئەوانە بگرێت و بیانباتە زیندان، بۆیە كازمی دەبێت لە سەرەكانەوە دەست پێ بكات، كەچی ئەو لە كلكەكانەوە دەستی پێ كردووە، بۆیە ئەو بابەتە كاتی زیاتری پێویستە"، جحێشی وای گوت.
سەبارەت بە چەكی دەستی میلیشیا و چەكی نایاسایی كە سەرچاوەی هەموو پێشێلكاری و گەندەڵییەكە، جحێشی روونی كردەوە، رەنگە پرسیار بكرێت چۆن چەك تەنیا بەدەستی دەوڵەت دەبێت؟، ئەوە دەكرێت لە رێگەی پێدانی پۆستە تەناهی و سەربازییەكان بە كەسانی ئازا و بەهێز و دڵسۆز بۆ وڵات، وەك عەبدولوەهاب ساعدی، بۆیە ئەوەی لە دژەتیرۆر كردت، بۆ هەواڵگری و و ئاسایشی نیشتمانی بیكە، كەسانی دڵسۆز و پاك و ئازا بێنە پێشەوە، ئەوكات دەتوانێت كۆنتڕۆڵی چەك بكەیت و گەندەڵیش لەناو ببەیت، بەڵام ئەو لە سەرەتای رێگەكەیە، تەنانەت هەموو دەزگای هەواڵگریشی بەدەست نییە، تەنیا دژەتیرۆر نەبێت، كە تاكە دامەزراوەی پاكە و دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت، بۆیە بە دانانی ئەو جۆرە كەسایەتییانە لە دەزگە گرنگەكان دەتوانێت رێگەكەی بەو شێوەیە ببڕێت.
لە گفتوگۆی بەغدا و واشنتن، ئەمەریكییەكان پرسیاریان كرد ئاخۆ كازمی و حكوومەتەكەی دەتوانن عێراق لەژێر چەتری ئێران دەربێنن؟، دەتوانن گەل و دەوڵەتی عێراق لە باڵادەستی ئێران دووربخەنەوە؟، ئەوانە پرسیاری سەرەكین، وای دەبینم كاریزمای كەسایەتی كازمی لە رێگەی ئەو كۆنگرە رۆژنامەییانەی قسەی كردووە، هاوشێوەی حەیدەر عەبادییە، ئەویش كە هات و بووە سەرۆك وەزیران، گوتیان پاك و ئازایە و باسی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵكاران و كۆتاهێنانی بە حزبی گەندەڵ و تیرۆری كرد و شكۆی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە، ئابووری چاك دەكات، بەڵام دوای چوارساڵ هیچمان نەبینی، مستەفا كازمی پیاوی راگەیاندنە، ئەو ئاگەدار كراوەتەوە بەوەی تەنیا راگەیاندن دەستكەوت دروست ناكات، تۆ دەتوانی دەستكەوتت هەبێت، لە راگەیاندنەكان وەك دەستكەوت باسی بكە، وەك ئەو هێرشەی سەر بارەگایەكی حزبوڵا.
ئەو شارەزایە روونی كردەوە، ئەگەر كازمی بەو شێوەیە كار بكات، كە دەستكەوتی هەبێت، زۆرینەی راگەیاندنەكان پاڵپشتی دەكەن، جیا لە وڵاتان، ئەوان دەڵێن تۆ كار بكە، تۆ یاسات بەدەستە كە بەسەر هەمووان زاڵ دەبێت، بۆیەیش دوای هەڕەشەكردن بە یاسا و حسێبكردنیان بە تیرۆریست، ئۆتۆمبێلەكانی حزبوڵا لە شەقامەكانی بەغدا پاشەكشەیان كرد، چونكە ئەوان چەكی دەوڵەتیان بێ پرسی حكوومەت هێناوەتە سەر شەقام، بۆیە پێویستە كازمی سەرەتا جموجۆڵی هەبێت و دوای ئەوە راگەیاندن و جەماوەریش پاڵپشتی دەكەن، بینیمان لەكاتی هێرشەكە خەڵكەكە پاڵەوانیەتییەكەیان بۆ عەبدولوەهاب ساعیدی گەڕاندەوە، لەوكاتەی فەرمانەكە هی كازمی بوو، چونكە خەڵكەكە متمانەی بە پۆستی سەرۆك وەزیران نەماوە، ئەوان روویان لە ساعیدی كرد كە درۆ ناكات، ئەو ئەركەكەی دڵسۆزانە بەجێگەیاند، بۆیە لە ماوەی 17 ساڵ ئەوەی هاتووە درۆی كردووە و خەڵك متمانەی بە كورسی سەرۆك وەزیران نەماوە، ئەوەیش كێشەیەكی تری كازمییە.