ئاسانترین رێگە بۆ منداڵخستنەوە و چارەسەری نەزۆكی

:: PM:03:58:18/10/2016 ‌

ئافرەتان كاتێك دەگەن بە تەمەنی 40 ساڵی،  ئیتر بەرەو نەمانی توانای منداڵ خستنەوە هەنگاو دەنێن، زۆرجاریش هاوسەران لە دوای تەمەنی 40 ساڵی ئافرەت، دەیانەوێ منداڵی تر بهێننە دنیاوە، كاتێكیش ئەو توانایەیان نەبێ، ئەوا پەنا بۆ رێگە زانستییەكان دەبرێ كە لەگەڵ پێشكەوتنی زانستی پزیشكی، دەتوانرێ ئەم كێشەیەش چارەسەر بكرێت.

لەگەڵ پێشكەوتنی زانستی پزیشكی، بواری وەچەخستنەوەش بێ بەش نەبووە لەم پێشكەوتنە، زانایان و پزیشكان توانیان سیستەمی پیتاندنی دەستكرد "IVF" بدۆزنەوە، لە ساڵی 1973 بۆیەكەمجار لە سكوڵی پزیشكی Foxton لە ئوسترالیا ئەم پێشكەوتنە پزیشكییە دۆزرایەوە و كاری پێ كرا.

ئافرەتانی سەرووی 40 ساڵ، یان ئەو ئافرەتانەی كێشەی نەبوونی منداڵیان هەبوو لەو كاتەوە تا ئێستە بەهۆی ئەو رێگەیەوە، توانیان منداڵ بهێننە دنیاوە و لە كێشەی نەتوانینی منداڵ هێنانە دنیا ڕزگاریان ببێ. ئەو سیستەمەی بریتییە لە چاندنی دەسكردی سپێرم لە منداڵدانی ئافرەتان لەگەڵ هێلكەیەك بەیەكەوە دەلكێنرێن و كرداری پیتاندن دەست پێ دەكات، دواتر ئافرەتەكە دوو گیان دەبێت.

بەگوێرەی ئامارەكان زۆرینەی هەرە زۆری ئافرەتان دوای 40 ساڵی توانای وەچەخستنەوەیان نامێنێ و تەنیا رێژەی 5.7یان دەتوانن بە شێوەی سرووشتی وەچە بخەنەوە، ئەوەی تر زۆرینەیان بەم رێگەیەوە دەتوانن منداڵ بخەنەوە بەبێ كێشە.



رێگەیەكی تر بۆ وەچەخستنەوە لە ئەگەری نەتوانینی و بەتەمەندا چوون، بریتییە لە رێگەی  منداڵی بلووری، ئەویش لە رێگەی وەرگرتنی سپێرمی پیاوان و هێلكەی ئافرەتان، لە تاقیگە بە ئامێرە زانستییە پێشكەوتووەكان دەچێنرێن، دوای ئەوە كرداری پیتاندن بە سەركەوتوویی بەڕێوەچوو، ئەوكات هێلكە و سپێرمە پیتێنراوەكە، دەكرێتەوە نێو منداڵدانی ئافرەت و دوای تێپەڕینی نۆ مانگ و نۆ رۆژ، ئیتر منداڵەكە بەشێوەیەكی ئاسایی دێتە دنیاوە.

ئەم رێگەیە بۆیەكەمجار لەلایەن پزیشكی پسپۆر بالیرمۆ كانبارۆ لە ساڵی 1991 لە زانكۆی برۆكسێل داهێنرا و دواتر  سەنتەری پزیشكی زاوزێ بەسەرۆكایەتی پسپۆر پۆل دیلڤری و ئەندریە ڤانستریفكییم، توانیان یەكەم منداڵ بەو رێگەیە لە ساڵی 1992 بە بەشداری مایكل تاكەر و وجۆ مێسی لە شاری ئەتلانتای ویلایەتی جۆرجیای ئەمەریكا بهێننە دنیاوە.

بەگوێرەی ئامار و توێژینەوەكان 9.9% ئەو ئافرەتانەی منداڵیان نابێ ئەوا بەم رێگەیە توانیویانە وەچە بخەنەوە و بەشێوەی سرووشتی خێزان پێك بهێنن.



پزیشكی پسپۆر میچێل داڤیس لە پەیمانگەی توێژینەوەی زانكۆی ئادیلادی وڵاتی ئوستراڵیا لەوبارەوە دەڵێ، ژنانی نەزۆك و كەم پیت، ئەوانەشی تەمەنیان گەیشتووەتە سەرووی 40 ساڵیدا دەتوانن بەبێ كێشە بەم دوو رێگەیە منداڵ بخەنەوە و منداڵەكانیش زۆر تەندروست و بێ كەموكورتی دەبن.
بە گوێرەی ئامار و داتاكان لە ساڵی 1986 تا 2002 زیاتر لە 310 هەزار منداڵ بەشێوەی سرووشتی لە ئوستراڵیا لە دایكبوون، لەو رێژەیەشدا دوو هەزار و 200 منداڵیان بە پیتاندنی دەستكرد لە نێو منداڵدانی ئافرەت هێنراونەتە دنیا و هەزار و 400 منداڵی تریش بەرێگەی بلووری چاویان بە دنیا هەڵهێناوە.

سەرچاوە: The indian express، و: ئاوات ئازاد.


وشە - وشه‌