ئێران: بەرپرسانی عێراق ئاگەداری هێرشەكانمانن بۆ سەر سنوورەكانی هەرێم

:: PM:04:48:29/06/2020 ‌

لە ماوەی رابردوودا ئێران بۆردمانی چەند ناوچەیەكی سنووری هەرێمی كوردستانی كرد، ئەوەیش وای كرد عێراق بانگهێشتنی باڵوێزی ئێران لە بەغدا بكات و ناڕەزایی پێ رابگەیەنێت، لەبەرانبەردا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لەو بابەتە پێوەندی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق هەیە و ئەوان ئاگەدارن ئێران چی دەكات.
هاوكاتیی بۆردمانەكانی ئێران و توركیا سودفەیە
عێراق ساڵانێكە بەهۆی لاوازی حكوومەتەكانی و سەرقاڵی هێزە سیاسییەكانی بە ململانێی پۆست و دەسەڵات و پارە و لاگیریان بۆ دەرەوە زیاتر لە بوون بە خاوەنی بڕیارێكی نیشتمانی، خەریكە بابەتی بەدەوڵەتبوون و سەروەرییەكەی لەناو دەچێت و وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتی هەركاتێك و بۆ هەر مەبەستێك پێشێلی خاكەكەیان كردووە و تەنیا وەك سەرچاوەیەكی داهات و بازاڕێك و بۆ جەنگی بەوەكالەت حسێبیان بۆی كردووە.

عەباس مووسەوی، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەم سەبارەت بە بۆردمانەكانی دوایی بۆ ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان گوتی، سەبارەت بەو بابەتە ئێران لە پێوەندیدایە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و ئەوان ئاگەداری چالاكییەكانی ئێرانن بەرانبەر بە گرووپە تیرۆریستییەكان لەو ناوچەیە.

زیاتر گوتی، هاوكات بۆردمانەكانی ئێران و توركیا رەنگە سودفە بووبێت، بەڵام هەموو وڵاتانی ناوچەكە بە توندی رووبەڕووی تیرۆریستان دەبنەوە.

شایەنی باسە 18ی ئەم مانگە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتنی ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی ئێرانی لە عێراق كرد و یاداشتێكی ناڕەزایی سەبارەت بە بۆردمانەكانی 16ی حوزەیرانی ئێران بۆ ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، رادەست كرد.    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل