پەرلەمانی عێراق لە ترسی كۆرۆنا كۆبوونەوەكانی دوا دەخات

:: PM:10:46:29/06/2020 ‌

لەوكاتەی عێراق بەدەست چەندان تەنگژەوە دەناڵێنێت و پێویستی بەوەیە پەرلەمان تاوتوێی دۆخەكە بكات و بڕیار و هەڵوێستیان لەسەر بدات، كەچی پەرلەمانتاران لە ترسی تووشبوون، خۆیان لە دانیشتنەكان دەپارێزن، پەرلەمانتارێك دووپاتی دەكاتەوە، بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە پەرلەمان ناتوانێت كۆبوونەوە بكات و ئەگەر شتی گرنگ هەبێت دانیشتن ئەنجام دەدات.
ئەگەر كۆبوونەوە بكرێت دۆخەكە خراپتر دەبێت
ناسر یووسف هەركی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هۆكاری كۆنەبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە، ئێستە پەرلەمان مافی خۆیەتی پشوو وەربگرێت، ئەگەر یاسایەكی گرنگیش هەبێت كۆبوونەوە دەكرێت، وەك ئەوەی بڕیار لەسەر قەرزی ناوخۆ و دەرەوە درا.

زیاتر گوتی، راستە دۆخی عێراق خراپە و پەرلەمانی عێراق پێویستە كۆببێتەوە  و یاسا و بڕیار بدات، بەڵام لەوە گرنگتر تەندروستی پەرلەمانتارە، كە نەخۆشییەكە كوشندەیەوە و پێوەستە بە ژیانەوە، دۆخی بەغدا زۆر خراپە و ئەگەر تێكەڵاوی دروست بێت و كۆبوونەوە بكرێت دۆخەكە زیاتر خراپ دەبێت.

هەركی روونی كردەوە، نەبوونی كۆبوونەوە باشترە لەوەی پەرلەمانتار بەریەككەوتنیان هەبێت و تووش بن و دواتر بەهۆی ئەوانەی كەسی تر تووش بێت، لەبارەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆناوە دووپاتی كردەوە، زانیاری تەواو لەسەر ژمارەی تووشبووان لەبەردەست نیییە، چونكە ئەو پەرلەمانتارانەی تووشبوون، راستی ناڵێن، هەیانە تووشبووە و دەڵێت تووشی نەخۆشی تر بووم، چونكە حەز ناكەن كەس بزانێت، بەڵام ژمارەیەكی بەرچاو تووشبوونە لە پەرلەمانتار و فەرمانبەران.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل