توركیا به‌رتیل به‌ عێراق ده‌دات و له‌ به‌رده‌م هێرشه‌كان بێده‌نگى ده‌كات

:: AM:11:36:30/06/2020 ‌
فاتح یه‌ڵدز باڵوێزى توركیا له‌ به‌غدا ئاشكراى كرد، ئه‌مڕۆ توركیا هاوكارى پزیشكى بۆ عێراق ده‌نێرێت و ته‌نیا له‌رێى فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غدا و كه‌ركووكه‌وه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ توركیا به‌رده‌وام تۆپبارانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.


ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركى ئه‌مڕۆ سێشه‌م 30ى حوزه‌یران بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، توركیا هاوكارى پزیشكى بۆ عێراقییه‌كان ده‌نێرێت، بڕیاره‌ فڕۆكه‌كان بگه‌نه‌ فڕۆكه‌خانه‌ى كه‌ركووك و به‌غدا.

توركیا هاوكارى پزیشكى ته‌نیا به‌ كه‌ركووك و به‌غدا ده‌دات

فاتح یه‌ڵدز باڵوێزى توركیا له‌ عێراق به‌ ئاژانسى وڵاته‌كه‌ى گوتووه‌، بۆ پاڵپشتى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆرۆنا، توركیا ئه‌و هاوكارییانه‌ ده‌نێرێت. یه‌ڵدز باسى له‌وه‌یش كردووه‌ ئه‌و هاوكارییانه‌ له‌سه‌ر داواى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیایه‌.


ناردنى ئه‌و هاوكارییه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ توركیا ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ ئۆپراسیۆنێكى سه‌ربازى بۆ سه‌ر سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ست پێ كردووه‌، تا ئێسته‌ هاووڵاتییانى ده‌یان گوند به‌هۆى ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌وه‌ زێدى خۆیان جێهێشتووه‌ و چه‌ند كه‌سێكى سڤیلیش به‌هۆى هێرشه‌كانى توركیا كوژراون.


 له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا حكوومه‌تى به‌غدا له‌ میدیاى ناوخۆ و عه‌ره‌بى رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌یه‌كى زۆر بووه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى داكۆكى له‌ سنووره‌كانى خۆى ناكات و به‌ ئه‌ركه‌ ده‌ستوورییه‌كانى خۆى هه‌ڵناسێ و سنوورێك بۆ هێرشه‌كانى توركیا دادانێ.
 
 


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل