ئیسڕائیل: رێگە بە بوونی سەربازی ئێران لە سووریا نادەین

:: PM:04:50:30/06/2020 ‌

ناكۆكییەكانی ئیسڕائیل و ئێران، بەتایبەتی لەسەر خاكی سووریا نوێ دەبنەوە، كاتێك بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، دوو پەیامی ئاراستەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا و عەلی خامنەیی، رابەری شۆرشی ئێران كرد، بەوەی رێگە بە بوونی سەربازی ئێران لە سووریا نادەن.
دواڕۆژی سووریا و رژێمەكەی دەكەوێتە مەترسییەوە
ئیسڕائیل كەوتووەتە ناو مەودای راستەوخۆی مووشەكەكانی ئێران كە لە سووریا و لبنان لەلایەن باڵەكانی سەر بە ئێران لە گرووپە شیعەكانی وەك حزبوڵای لبنانی و بزاوی ئەمەل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و میلیشیاكانی عێراق لە سووریا، بۆی ئاراستەكراون، بۆیە بە بەردەوام بۆردمانی بنكە و بارەگا سەربازییەكانی ئێران و میلیشیاكانی لەسەر خاكی سووریا دەكات، پەیامەكەیشی ئەوەیە ناكرێت ئێران شوێنپێی لە سووریای هاوسنووری هەبێت، ئەوەیش تەواو لە بەرژەوەندی رووسیایە.

ئەمڕۆ سێشەم نەتانیاهۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ برایان كوك، نێردراوی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران، گوتی، بە بەشار ئەسەد دەڵێم ئەگەر رێگە بدەی بە جێگربوونی سەربازیانەی ئێران لەسەر خاكی سووریا و لەسەر سنوورەكانی ئیسڕائیل، ئەوە دواڕۆژی وڵات و رژێمەكەت دەخەیتە مەترسییەوە. 

هاوكات نتانیاهۆ پەیامێكی تری ئاراستەی عەلی خامنەیی كرد و گوتی، بەو ئایەتوڵایەی تاران دەڵێم، ئیسڕائیل لە وەرگرتنی رێوشوێنەكانی پێویست بۆ رێگرتن لە دروستكردنی بەرەیەكی تیرۆریستی و سەربازی نوێ لەدژی ئیسڕائیل لە سووریا بەردەوام دەبێت، دووپاتی كردەوە، رێگەنادەین ئێران بوونی سەربازی لە سووریا هەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 79 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌