پێدانی پارە بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەست پێ‌ دەكات

:: AM:10:25:02/07/2020 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، كارەكانی لیژنەی پێدانی پارە بە خێزانە هەژارەكان بەرەو كۆتا دەڕوات و ئێستە دراوەتە لیژنەی لاوەكی.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی تەمووز، ئاریان ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كارەكانی پێدانی بڕێك پارەی هاوكاری لە لیژنەی باڵای ئەنجوومەنی وەزارەت، كۆتایی هاتووە و دراوەتە لیژنە لاوەكییەكان.

ئەو بڕە پارەیەی دیاری كراوە لە ڕێی فۆڕمێكەوە دەبێت، فۆڕمەكە ئامادە كراوە
گوتەبێژی وەزارەتی كار گوتی، ئەو بڕە پارەیەی دیاری كراوە لە ڕێی فۆڕمێكەوە دەبێت، فۆڕمەكە ئامادە كراوە و چاكسازی لە ناوەكان دەكرێت، لە چەند شوێنێك ئەو ناوانەی هەن شایستەی وەرگرتنی ئەو پارەیە نین، تا كەسی شایستە و ناوی دووبارە و ناوی ناشایستە لە لیستەكەدا نەمێنێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو بڕە پارەیەی دیاری كراوە كە 15 ملیار دینار لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابین كراوە، هەوڵ دەدەین زۆرترین كەس و ئەو كەسانەی خێزانی هەژارن لەو پارەیە سوودمەند بن.

دوای پێدانی خۆراك بەسەر هاووڵاتییان بەهۆی كەرەنتین و كاریگەریی كۆرۆنا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بڕی 15 ملیار دیناری تر دیاری بكات وەك هاوكاری بەسەر خێزانە هەژارەكان دابەش بكرێت.





وشە - رامیار جەواد