ساڵانێكى زۆره موحسین چینى ده‌نووسێ و كتێب بڵاو ده‌كاته‌وه، له دیمانه‌یه‌كى كورت و تایبه‌تى "وشه" موحسین چینى وه‌رگێڕى به تواناى كورد، باس له هه‌ندێك لایه‌نى ئه‌زموونى خۆى ده‌كات و پێی وایه وه‌ك نووسه‌ر و وه‌رگێڕێك رێزلێنانى خۆى به‌ده‌ست هێناوه، چونكه تا ئێسته 220 هه‌زار دانه له كتێبه‌كانى فرۆشراون. چینى ده‌ڵێ، رێزلێنان ئه‌وه نییه ته‌نیا په‌یكه‌رمان بۆ دروست بكرێت، ئه‌گه‌ر وا بێ، ئه‌وا ده‌بێت داهاتى نه‌وتى هه‌رێم هه‌موو بۆ دروستكردنى په‌یكه‌ر بێت.
موحسین چینی ناوێكی دیاری دنیای نووسین و وه‌رگێڕانه، ده‌گوترێ له‌م ماوه‌یه‌دا بێتاقه‌ت بووه و به‌رهه‌می نوێی نییه؟
نه‌خێر نه بێتاقه‌ت بوومه و نه بێ به‌رهه‌میشم، به‌ڵام له دوای هاتنی داعش كتێب فرۆشتن بازاڕی نه‌ما، كه بازاڕیش نه‌مێنێ ئیتر كتێب بۆچی له چاپ بدرێت؟
ده‌كرێ بزانین تا ئێسته چه‌ند كتێبت وه‌رگێڕاوه؟
تا ئێسته پتر له 100 كتێبم وه‌رگێڕاوه و له 61 كتێبیش به هاوكاری هه‌رمێنی كچم كه ئینگلیزیزانه، ئیشم له‌گه‌ڵ كردووه. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ چه‌ند دكتۆری تر‌ى ئینگلیزیزانیش له چه‌ندان كتێب ئیشم كردووه و نریكه‌ی هه‌شت كتێبی ئاینیشم به‌چاپ گه‌یاندووه. ده‌وروبه‌ری 40 كتێبیشمان چاپ كردووه له‌و كتێبانه‌ی كه خۆمان ئاره‌زووی وه‌رگێڕانمان كردووه.
موحسین چینى : نازناوى وڵاتێكى زیندووى وه‌ك "چین" له نازناوى سارد و سیس باشتره
یه‌كه‌مین كاری وه‌رگێڕانت چ بووه؟
ماوه‌ی 10 ساڵی پێش راپه‌ڕین هه‌موو ژماره‌یه‌ك بابه‌تم له رۆژنامه‌ی هاوكاری هه‌بووه، پتر گرنگیم به وه‌رگێڕانی ئه‌و بابه‌تانه ده‌دا كه باسی بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانی گه‌لانی دنیای ده‌كرد، له‌و سه‌رده‌میش ئه‌م بابه‌تانه له زمانی كوردیدا شتێكی نوێ بوون. به‌راستی یه‌كه‌مین بابه‌تی وه‌رگێڕانم دیار نییه چونكه له هه‌شتاكان و نه‌وه‌ته‌كان له یه‌ك كاتدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر له گۆڤار و رۆژنامه‌كان نووسینم هه‌بووه.
كتێب له بواری جیاجیا وه‌رده‌گێڕیت و ده‌گوترێ خۆت شه‌یدای بواری پۆلیسیت، به‌تایبه‌تی رۆمانه‌كانی ئه‌گاسا كریستی، ئه‌مه تاكه‌ی راسته و هۆكاره‌كه‌ی چییه؟
راسته ژماره‌یه‌كی زۆری كتێبه‌كانی ئه‌گاسا كریستیم وه‌رگێڕاوه، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست بده‌مه وه‌رگێڕانه‌كانی ئه‌گاسا، به ده‌یان چیرۆك و رۆمانی گه‌لانی تری وه‌ك ژاپۆنی، چینی، رووسی، فڕه‌نسی، ئینگلیزیم كردووه‌ته كوردی.
هه‌ڵبه‌ته كه‌سێكی وه‌ك تۆ له نووسین ده‌بێ ده‌ستنووسی مابێت كه چاپ نه‌كرابێت، ئایا تا ئێسته چه‌ند ده‌ستنووست هه‌یه و بۆچی چاپ نه‌كراون؟
به‌ڵێ ده‌ستنووس و كتێبی ئاماده‌كراومان زۆره و هه‌مووشیان تاپ و دیزاین كراون، به‌رگ كراون و له‌سه‌ر سیدین، به‌ڵام كه‌ی كتێب به‌های خۆی په‌یدا كرده‌وه، ئه‌وكات چاپ ده‌كرێن.
به كورتی باس له ده‌زگای چینی بكه و ئایا ته‌نیا خۆت ئه‌و ده‌زگایه‌ت دامه‌زراندووه؟
چاپخانه‌ی چینیم ته‌نیا بۆ چاپكردنی به‌رهه‌مه‌كانی خۆم دانا، چاپخانه‌ی من ژماره‌ی مۆڵه‌تی ـ 32، 5 ـ ه و زه‌ویشم له پیشه‌سازی باشوور وه‌رنه‌گرت و خۆم نه‌مویست كه بۆ چاپخانه ده‌یاندا، له چاپیش له‌به‌ر به‌رهه‌می خۆم ماوه‌ی ئه‌وه‌م نه‌بوو كتێبی كه‌س چاپ بكه‌م.
نازناوی چینی بۆ؟
نازناوی چینی له چینه‌وه هاتووه، خه‌ڵكی ئیشكه‌ر و به به‌رهه‌مم خۆش ده‌وێ، رقم له كه‌سی به‌تاڵ و زۆربڵێ ده‌بێته‌وه، نازناوی وڵاتێكی زیندووی وه‌ك چین باشتره له نازناوێكی سیس و سارد و سڕ و بێ‌مانا و غه‌مگین، كه خۆی زیندوو بێت، كه‌چی نازناوه‌كه‌ی مانای مردوو بدات.
واقیعی ئێسته‌ی وه‌رگێڕان چۆن ده‌بینی وه‌ك ده‌زانیت زۆر له گه‌نجه‌كان هاتوونه‌ته ناو بواره‌كه‌وه؟
ئه‌ده‌ب چ شیعر یا چیرۆك یا رۆمان یا شانۆ، یا وه‌رگێڕان هه‌مووی به قۆناغه، ئه‌م ئه‌ده‌به له سه‌رده‌می خۆی هه‌رچه‌نده خه‌ڵك پێی به‌رز و سه‌رمه‌ست بووبن، كه سه‌رده‌م و زه‌مه‌نێكی تر دادێ ئه‌وه‌ی پێش خۆی راده‌ماڵێ. له سه‌ده‌كانی حه‌ڤده و هه‌ژده و نۆزده‌ی ئه‌وروپا به ملیۆنان شیعر و چیرۆك و رۆمان و شانۆ و وه‌رگێڕان هه‌بووه، كه‌چی سه‌رده‌می ئێسته ته‌نیا تاكه‌تاكه نه‌بێ ئه‌گه‌رنا ناویشیان نه‌ماوه، وه‌رگێڕانی كوردیشمان رۆژێك دادێ ئه‌م وه‌رگێڕانه‌ی ئێسته‌مان هه‌مووی فڕێ ده‌درێن و زۆربه‌شیان دووباره دێنه‌وه وه‌رگێڕان.
دوای ئه‌و ته‌مه‌نه له ماندووبوون، پێت وایه چه‌ند رێز له موحسین چینی گیراوه و چه‌ند مافه‌كانی خۆت له وه‌رگێران به‌ده‌ست هێناوه؟
له‌باره‌ی رێزلێنان با ئێمه ته‌نیا له‌و گۆشه‌یه‌وه سه‌یری نه‌كه‌ین كه بۆ شاعیر یا رۆماننووس، یا وه‌رگێڕ په‌یكه‌ر دروست بكرێت، ئه‌گه‌ر وابێت ده‌بێ پاره‌ی نه‌وتی حكوومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا بۆ دروستكردنی په‌یكه‌ر بێت. به‌لای منه‌وه رێزلێنان ئه‌وه‌یه كه من تا ئێسته له كتێبه‌كانم 220 هه‌زار دانه فرۆشراوه. به‌مانای له زۆربه‌ی ماڵی كورد كتێبی من هه‌یه. ئه‌مه بۆ من رێزلێنانێكی گه‌وره‌یه. بۆ چاپكردنی ئه‌م كتێبانه‌ش له هیچ كه‌س و حزب یا رێكخراوێك پاره‌م وه‌رنه‌گرتووه و پتر له 10 ده‌فته‌ر دۆلارم لێ داوه، تا ئێسته یه‌ك ده‌رهه‌میشم قازانج نه‌كردووه.
كتێبی مه‌لا مه‌شهوور كتێبێكی پڕفرۆش بووه، به تێڕوانینی تۆ ئه‌م كتێبه چ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بۆ ده‌كه‌ی وه‌ك په‌ندئامێز یان نوكته و پێكه‌نین؟
راسته كتێبی مه‌لا مه‌شهوور پڕفرۆش بووه و 22 هه‌زار دانه‌ی لێ فرۆشراوه. به‌ڵام له‌ویش پتر (كیف تتعلم اللغه الكوردیه) بووه كه تا ئێسته 37 هه‌زار دانه‌ی فرۆشراوه. مه‌سه‌له‌ی مه‌لا مه‌شهوور وه‌ك مه‌سه‌له‌ی چارڵی شاپڵن وایه. چارڵی شاپڵن 60 ساڵ ره‌خنه‌ی له سیستمی سه‌رمایه‌داری گرت، كه‌چی خه‌ڵك هه‌میشه به چاوی گاڵته‌جار سه‌یری جووڵانه‌وه‌كانی ده‌كه‌ن. مه‌لا مه‌شهووریش نوكته‌كانی پڕ له فه‌لسه‌فه و شیكردنه‌وه‌ی بارودۆخی ناو كۆمه‌ڵگان.
رۆژێك دادێ ئه‌و وه‌رگێڕانانه‌ى ئێسته‌مان هه‌موو فڕێ ده‌درێن
له زۆر نموونه‌كانت كۆلۆنێل كه‌سی نییه نامه‌ی بۆ بنێرێ باس ده‌كه‌ی، له‌به‌رچی ئه‌م كتێبه به نموونه دێنیته‌وه؟
كتێبی (كۆلۆنێل كه‌سی نییه....) وانه‌یه‌كی زۆر گرنگه بۆ گه‌نجانی نه‌ك هه‌ر ئه‌م سه‌رده‌مه، به‌ڵكو بۆ هه‌موو سه‌رده‌مێك، ئه‌م كتێبه سیمای ساخته و درۆ و دووڕوویی و خۆپه‌رستی سه‌ركرده شۆڕشگێڕه‌كان پێشان ده‌دات كه كاتێك بیانه‌وێ خه‌ڵكی نه‌فام و كه‌مئه‌زموون به‌دوای خۆیان ده‌ده‌ن و روو له شاخه‌كان ده‌كه‌ن، ئاڵای شۆڕشگێڕی هه‌ڵده‌كه‌ن. كاتێكیش بیانه‌وێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فاشیزم ده‌ست له‌ناو ده‌ست ده‌نێن و پشت له شۆڕشگێڕه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن یا به گرتن و كوشتیان ده‌ده‌ن، ئه‌م كتێبه هه‌موو گه‌نجێك پێویسته زۆر به وردی بیخوێنێته‌وه.
ئه‌گه‌ر شتێكی ترت مابێت؟
ئه‌گه‌ر ته‌ندروستیم رێم پێ بدات ، ئومێده‌وارم 50 كتێبی تری ئه‌گاسا كریستی ماون ئه‌وانیش یا خۆم ئیشیان لێ ده‌كه‌م، یان به براده‌رانی ده‌ستڕه‌نگین وه‌ریانده‌گێڕم و چاپیان ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها له شارلۆك هۆڵمزه‌كانیش 14 كتێبمان ته‌واو كردووه و به‌رگیشمان بۆ كردوون، كه‌چی داعش و كۆرۆنا هه‌موو شتێكیان سه‌راوگێڕ كرد.