چاكسازی ریشەیی لە بواری باجدا دەستی پێ كرد

:: PM:03:30:02/07/2020 ‌
كەرتی باج لە هەرێمی كوردستان یەكێك بووە لەو كەرتانەی رێكنەخراوە و كۆمپانیا گەورەكان دۆخەكەیان لە قازانجی خۆیاندا قۆستبووەوە. حكوومەت بە چاكسازییەك كە لەم كەرتە دەستی پێ كردووە، كۆتایی بەو رۆتین و پاشاگەردانییە دەهێنێت و داهاتی باجیش لە هەرێمی كوردستان بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز دەكاتەوە.

دواجار لیژنەی ڕاسپێردراو بە پێداچوونەوەی باج راپۆڕتێكی تێروتەسەلی لەبارەی  ئەنجامی كاری لێكۆڵینەوە و پێداچوونەوەی لیژنەی ڕێكخستنەوەی سیستمی باجی لە هەرێم پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیران كرد، كە لەسەر ئاستی ستراتیجی و درێژخایەندا دەستنیشانی پلانی چاكسازیی باجی كردبوو و دوای خستنەڕووی پلانی هەنووكەیی بۆ چاكسازیی لە بواری باج، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ پەسند كرا.

بڕیارە یاسایەكی نوێ بۆ باج و سوود وەرگرتن لە تەكنەلۆجیای زانیاری دابڕێژرێت
راپۆرتەكە كۆمەڵێك راسپاردە لەخۆ دەگرێت كە بەرپرسیارێتی دەخاتە سەر لایەنە پێوندیدارەكان بۆ ئەوەی هەنگاوەكان بە بێ كەموكورتی جێبەجێ بكەن، بڕیاریشە یاسایەكی نوێ بۆ باج و سوود وەرگرتن لە تەكنەلۆجیای زانیاری دابڕێژرێت لە پێناو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی باجدەران و نەهێشتنی بیرۆكراسی و ڕۆتینی بەڕێوەرایەتییەكانی باج و برەودان بە شەفافییەت.

دكتۆر كەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، لە رابردوودا كۆمەڵێك كێشە لە بەردەم باج و زەریبەدا هەبوون كە بە پڕۆژەی چاكسازی هەوڵی نەهێشتنی سەرجەم ئەو كێشانە دەدەن و دەرەنجامەكانیش بەشێك لە داهاتی حكوومەت بەرز دەكاتەوە.
ئەم لێخۆشبوونانە نامێنێت و دەبێت باجەكانیان بە حكوومەت بدەن.

ئەو ئاماژەی بە كۆمەڵێك خاڵ كرد كە چاكسازییان تێدا كراوە. بۆ نموونە لێخۆشبووونێكی زۆری نایاسایی لەسەر كۆمپانیاكان و وەبەرهێنەران هەبووە و بەو گۆڕانكارییانەش ئەم لێخۆشبوونانە نامێنێت و دەبێت باجەكانیان بە حكوومەت بدەن.

یەكێك لە گرنگترین كێشەكانی پێوەندیدار بە باج و زەریبە، بریتی بووە لە خۆدزینەوەی كۆمپانیا گەورەكان لە پێدانی باج بە حكوومەت و بە درۆ و فێڵی جیاواز خۆیان لە باج دزیوەتەوە، بەڵام لەمەودوا ئەمە نابێ روو بدات.

بەپێی یاسا ئەگەر كۆمپانیایەك زیانی زۆری بەركەوتبێت و قازانجی نەكردبێت، ئەوا زەریبەی لێ وەرناگیرێت، بەڵام بەشێك لەو كۆمپانیایانە گوتوویانە زیانیان كردووە یان بەشێكی كەم لە داهاتی خۆیان بۆ حكوومەت ئاشكرا كردووە. بەپێی ئەم چاكسازییانە ئەو كۆمپانیایانە دەدرێنە دادگا  و بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی باج، هەندێكیان دراونەتە دادگا كە كۆمپانیان یان كەسانێكن هاوكار بوون لەو فرتوفێڵ و خۆدزینەوانە.
لەوانەیە كۆمپانیاكە زانیارییەكانی بەو ژمێریارانە نەدابێت یان بە پێچەوانە ژمێریارەكان دەستیان لەگەڵ كۆمپانیاكان تێكەڵ كردبێت

ژمێریاری یاسایی یەكێك لە هاوكارەكان بووە لەو جۆرە فێڵانە و بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری، لەوانەیە كۆمپانیاكە زانیارییەكانی بەو ژمێریارانە نەدابێت یان بە پێچەوانە ژمێریارەكان دەستیان لەگەڵ كۆمپانیاكان تێكەڵ كردبێت و زانیارییەكانیان ئاشكرا نەكردبێت. ئەو دەڵێ بەگوێرەی یاسا هەر كەسێك راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هاوكاری كردبێت لە پێنەدانی باج و گەندەڵی، ئەوا بەرانبەر یاسا بەرپرسیارە.

خاڵیكی تر بریتییە لەو كۆمپانیایانەی بواری سیكیوریتی نەوت كە پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هیچ زانیارییەكی بە حكوومەت نەدابوو بۆ ئەوەی باجیان لێ  وەربگیرێت، بەگوێرەی بڕیارێك ئەوانەش زانیارییەكانیان وەردەگیرێت و باجیان لێ دەستێنرێت.
هەندێك وەبەرهێنەر بە بیانوو و فێڵی جیاواز ئەو 10 ساڵەیان بۆ خۆیان درێژ كردووەتەوە

فێڵێكی تر هەبوو كە زیاتر وەبەرهێنەران ئەنجامیان دەدا. وەك ئاشكرایە بەگوێرەی یاسا وەبەرهێنەر تا 10 ساڵ لە پێدانی باج دەبەخشرێت، بەڵام هەندێك وەبەرهێنەر بە بیانوو و فێڵی جیاواز ئەو 10 ساڵەیان بۆ خۆیان درێژ كردووەتەوە و خۆیان لە پێدانی باج دزیوەتەوە، بۆیە بەپێی ئەم چاكسازییەی كراوە، چاودێری لەسەریان توند دەبێت و باجیان لێ دەستێنرێت.

لەلایەكی ترەوە زۆر كۆمپانیا هەن كە قەرزدارن و پارەكەیان نەداوە و میكانزیمێك دیاری دەكری بۆ ئەوەی پارەكانیان لێ وەربگیرێت، ئەگەرنا دەدرێنە دادگا.

بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری هەرێمی كوردستان، پێداگری لەوە دەكات لە كوردستانیشدا یاسای پیشكەوتوو بۆ باج دادەنێن، هەرچەندە چەسپاندن و دانانی یاسایەكی هاوشێوەی وڵاتان پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیە و وڵاتانی ئەوروپاش قۆناغ بە قۆناغ و دوای دەیان ساڵ بوونەتە خاوەنی ئەو یاسا پێشكەوتووەی ئێستە هەیانە.

حکوومەت بڕیاری دا لە دوو مانگی كرێ و باجی موڵكەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتی دارایی خۆش بێت،
جێی باسە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا لە دوو مانگی كرێ و باجی موڵكەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتی دارایی خۆش بێت، كە لە 11/03/2020 تا 11/05-2020، واتە لە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا نەیانتوانیوە بەشێوەی ئاسایی موڵكەكان بۆ بازرگانی بەكار بهێنن. 
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەم 02/07/2020 دەریكردووە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری كردووە، دەڵێت ماوەی چالاكی بۆ بەدەستهێنانی داهاتی بەگوێرەی جۆری باجەكان دیاری كردووە كە بەشێكی پێوەندیدارە بە كۆمپانیاكان.

 لەو بەشەدا بە پێویست زانراوە لەكاتی خەمڵاندنی باجدەران، بۆ ساڵی 2020ی دارایی رەچاوی وەستانی چالاكییەكان بكەن بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی رەچاوی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 11/03/2020 تا 10/05/2020 واتە ئەو ماوەیە خەمڵاندنیان بۆ ناكرێت.
لە 11/03/2020 تا 10/05/2020 خەمڵاندن بۆ باج ناكرێت.

باج بە گرنگترین سەرچاوەی دارایی وڵاتان هەژمار دەكرێت، بەڵام بە سیستمێكی پێشكەوتوو كە دواجار هەمان داهات بۆ خزمەتی گشتی و پێشكەوتنی زیاتری وڵات سوودی لێ وەردەگیرێت و وڵات لە تەنگژەكان دەپارێزێت.



وشە - سلێمان تاشان