كۆمەڵێك بڕیاری نوێ‌ بۆ سنووری ڕاپەڕین دەرچوو

:: PM:02:14:04/07/2020 ‌
لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین كۆمەڵێك بڕیاری نوێ‌ دەردەچێت، ئەوەیش دوای كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستیی سنوورەكە و گرتنەبەری رێكاری دروست بۆ زیاتر ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئەمڕۆ شەموو چواری تەمووز، ژووری ئۆپراسیۆنەكانی ئیدارەی ڕاپەڕین بڵاوی كردووەتەوە، ژووری ئۆپراسیۆنی ئیدارەی راپەڕین بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستیی سنوورەكە و گرتنەبەری رێكاری دروست بۆ زیاتر كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیی كۆرۆنا ساز كرد و كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد.

پشووی سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی و داودەزگا حكوومییەكان درێژ دەكرێتەوە
لە بڕیارەكاندا هاتووە، تا رۆژی 10ـی تەمووز پشووی سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی و داودەزگا حكوومییەكان درێژ دەكرێتەوە و رۆژی شەموو 11ـی تەمووز دەوام دەست پێ دەكاتەوە، هەروەها ئەم پشووە دەزگا تەناهییەكان و تەندروستی و خەفارەتی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان ناگرێتەوە.

لە بڕیارەكاندا ئەوەش خراوەتەڕوو، لەبارەی كلینك و نۆڕینگە پزیشكییەكان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان و ئاسایش و پۆلیس، لەسەریانە بە سەپاندنی جێبەجێكردنی سەرجەم رێكار و رێنوێنییە تەندروستییەكان بەسەر هەموو كلینك و نۆڕینگە پزیشكییەكان، هەرچی پابەندیش نەبێت، ئەوا ڕێكاری پێویستی بەرانبەر دەگیرێت .



وشە - رامیار جەواد