چەند خولەكێك لەمەوبەر وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە پارێزگای ئەهوازی ئێران تەقییەوە. لە ماوەی هەفتەیەكدا ئەمە سێیەم حاڵەتی تەقینەوە و ئاگركەوتنەوەیە لە سێ وێستگەی گرنگیی ئێران رووی دابێت.
ماڵپەڕی "
ئیسنا" بڵاوی كردەوە، دوای تەقینەوەكە تیمەكانی بەرگریی شارستانی چوونەتە شوێنی رووداوەكە و خەریكی كوژاندنەوەی ئاگرەكەن.
ئیبراهیم قەنبەری بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی و خزمەتگوزاریی شارەوانی ئەهواز دەڵێت، تەقینەوەكە سەعات 3:30 خولەك بە كاتی تاران رووی داوە و پێنج ئۆتۆمبێلی تایبەت بە ئاگركوژێنەوە خەریكی كوژاندنەوەی ئاگرەكەن.
ئەو بەرپرسەی بەرگریی شارستانی ئەهواز باسی لە وردەكارییەكانی رووداوەكە نەكردووە و دەڵێ، خەریكن لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن.
وێستگەی كارەبای زەرگان ساڵی 1975 بنیات نراوە
وێستگەی كارەبای زەرگان ساڵی 1975 بنیات نراوە و نۆ كیلۆمەتر لە ئەهواز دوورە. توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لەم وێستگەیە 418 مێگاواتە لە سەعاتێكدا و چوار یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبای پشتئەستوور بە گازی سروشتی و دوو یەكەی هەڵمیی بە توانای 145 مێگاوات لەخۆ دەگرێت. بەشی گازییەكەی لە لایەن بەلجیكا و بەشی هەڵمییەكە لە لایەن بەریتانیا بنیات نراوە.
لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا لە وێستگەیەكی نزیك تاران و وێستگەی ناوكیی نەتەنز لە ئیسفەهان، تەقینەوەی هاوشێوە روویان داوە.