چارەنووسی كازمی لەنێوان دەستلەكاركێشانەوە و لێسەندنەوەی متمانەدا

:: PM:07:27:04/07/2020 ‌

حكوومەتی مستەفا كازمی لە 7ی ئایاری رابردوو متمانەی لە پەرلەمانی عێراق وەرگرت، ئەو بەرنامەیەكی حكوومەتی پێشكەیش كرد كە چەند خاڵێكی سەرەكی تیادا بەدی دەكرا، هەڵبژاردنی پێشوەختە و چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و تۆڵەكردنەوەی لە بكوژی خۆپێشاندەران و داماڵینی چەكی میلیشیا و بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، بەڵام ئەوەی تا ئێستە كراوە چەند هەنگاوێكە دەنگدانەوەی لە راگەیاندن هەبووە زیاتر لە راستیدا.
كازمی ناچارە گوێ بۆ خۆپێشاندەران و میلیشیا و حزبەكان بگرێت
لە ماوەی رابردوو كازمی دەستی بۆ مووچەی رەفحا برد، تەنیا چەند مووچەییەكانی لێ بڕین، بە قسەی شارەزایان ئەوە چاكسازی راستەقینە نییە، ئەو هەڕەشەی كۆنترۆڵكردنەوەی خاڵە سنوورییەكانی كرد، تەنیا هەڕەشە، ژمارەیەك بەرپرسی تەناهی گۆڕی، شوێنگرەوەكانیان هەر سەر بە حزبەكانن، هەڵی كوتایە سەر بارەگایەكی حزبوڵا و دوای دوو رۆژ گیراوانی ئازاد كرد، زیاتر لەوە حزبوڵا دەڵێت داوای لێبوردنی كردووە.

شارەزایان پێیان وایە ئەو بازنەی كازمی كاری تیادا دەكات، ئەوەندە فرەوان نییە و جموجۆڵەكانی ئاسان نین و دەیان بەربەستیان لەپێشە، لەلایەن بەشێك لە فراكسیۆنەكان خۆیان بۆ دوای 100 رۆژی تەمەنی حكوومەتەكەی هەڵگرتووە، بەشێكیشیان لە ئێستەوە باسی لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكەن، كەچی ئەو هێشتا دەستی پێ نەكردووە، لەلایەكی تر بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی خۆپێشاندەران كە حكوومەتی عەبدولمەهدیان رووخاند، دەبێت چەند هەنگاوێك لەدژی گەندەڵی و میلیشیاكان باوێت، بۆ ئەوەی نەڕووخێت، ئەوەیش وای كردووە كە سەركەوتنەكانی زیاتر لە راگەیاندن دەنگدانەوەیان هەبێت. 

ئەحمەد خزر، شرۆڤەكاری سیاسی بۆ "وشە"، باسی ئەوە دەكات، شاراوە نییە كە یەكێك لە سەرچاوەكانی پاڵپشتی دارایی میلیشیاكان لە عێراق، كە دوژمنداری بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكەن، یەكێك لە سەرچاوەی داراییان دەروازە سنوورییەكانە، كە لەلایەن دەوڵەتەوە كۆنترۆڵ نەكراوە، وەك دەبینن كازمی باسی دەروازە سنوورییەكان دەكات، دیاری ناكات مەبەستی كۆنترۆڵكردنەوەی كامە دەروازەیە، ئەوەیش هەنگاوێكی زیرەكانەیە بۆ شاردنەوەی ئەوەی مەبەستیەتی.

زیاتر گوتی، مەبەستی كازمی لەو هەڕەشانە، وشككردنەوەی سەرچاوەی دارایی چەند گرووپێكە كە بەتەواوەتی بەرهەڵستی بڕیار و سیاسەتەكانی حكوومەت و دەوڵەت دەكەن، ئەگینا بۆ نموونە كازمی پێویستی بە هێز نییە بۆ كۆنترۆڵكردنی چەند دەروازەیەك لە هەرێمی كوردستان یان لە باشووری عێراق، چونكە لێكگەیشتن و رێككەوتنی پێشوو هەیە، ئەوەی كازمی مەبەستیەتی، دەروازەی ئەلبووكەمالە لەگەڵ سووریا، كە رەهەندێكی ستراتیجی و تەناهی و دارایی گەورەی هەیە، گومان هەیە بەوەی لەو دەروازە ئالوگۆڕی چەك و پارە دەكرێت، بۆیە كازمی پلانێكی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازەكان، مەبەستی سەرەكیی دەروازەی ئەلبوكەمالە، ئینجا كۆنترۆڵكردنی دەروازەكانیتر كە ئامانجی لاوەكین.

ئەو شرۆڤەكارە دووپاتی كردەوە، هەمووان دەزانن مووچەی بندیوار و ساختە هەن، پارەكەی دەچێتە گیرفانی حزبەكانەوە، دەیبیستین كە هەزار و دووهەزار فەرمانبەری بندیوار هەن بۆ ئەو حزبە یان ئەوەیتر یان میلیشیاكان تۆمار كراون، بۆیە پێداچوونەوەی ئەو مووچانە ناچێتە خانەی بڕینی بژێوی خەڵك، ئەو نایەوێت مووچەی رەفحاكان ببڕێت، ئەو تەنیا چەندمووچەیی نەهێشت، ئەوەیش لەگەڵ یاسای یەكگرتووی خانەنشینی دەگونجێت، ئەوەی كردوویەتی تەنیا چەندمووچەیی نەهێشتووە، جیا لە مووچە ساختەكان، وەك بیستوومانە لە دەستەی خانەنشینی زیاتر لە 100 هەزار مووچەی وەهمی هەیە، كەسەكان بوونیان نییە پارەكەیشی بۆ حزبەكان و تەنانەت هی بەشێكی بۆ وڵاتێكی دەرەكی دەڕوات، ئەوەیش بووە هۆكاری لادانی سەرۆكی دەستەی خانەنشینی لە پۆستەكەی.

"كازمی ناچارە ئەو هەنگاوانە باوێت، بۆ بەردەوامیی حكوومەتەكەی، كە پاڵپشتی بزاوی جەماوەری بەدەست دێنێت، وەك دەزانن جەماوەر بوو حكوومەتی عادل عەبدولمەهدیان رووخاند، كە بە سەتانجار لە حكوومەتی كازمی بەهێزتر بوو، چەندان هێز و گرووپی چەكدار پاڵپشتیان لێی دەكرد، جیا لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و وڵاتانی دراوسێ، بەڵام بەهۆی گوشاری جەماوەری رووخا، بۆیە كازمی تێدەگات كە بزاوی جەماوەری عەبدولمەهدیان رووخاند، دەتوانن حكوومەتی ئەویش بڕووخێنن ئەگەر نەتوانێت بەشێكی داواكارییەكانی ئەوان جێبەجێ بكات، ئەویش هێنانەدێی دادوەری كۆمەڵایەتییە لە رێگەی نەهێشتنی چەندمووچەیی كە چینێكی دەوڵەمەندی لەناو كۆمەڵگە دروست كردووە، بەتەواوەتی لە داهاتی دەوڵەت سوودمەندن، لە بەرانبەر چینێكی نەدار و بێبەش و لە هەموو پاڵپشتییەكی دەوڵەت بێبەشن، بۆیە ئەمڕۆ كازمی ناچارە گوێ بۆ ئەوان بگرێت"، خزر وای گوت.

ئەو شرۆڤەكارە سەبارەت بە رووداوەی دۆرە و گرتنی ئەندامانی حزبوڵا گوتی، دوای رووداوەكە هاوپەیمانی "فەتح" و چەند لایەنێكی تر هەوڵیان دا و گوشارێكی زۆریان كرد بۆ ئەوەی بابەتەكە بەشێوەیەك پێشانی خەڵك بدەن كە كازمی لە رووی سیاسییەوە نەیدۆڕاندووە، گیراوانیان ئازاد كرد بە پاساوی ئەوانە داواكراو نەبوونە و تەنیا پاسەوان بوونە، تەنیا كەسێك گیراوە كە بەرپرسە لەو هێرشانە، رووداوەكە بەوشێوەی كۆتایی پێهات بێ دەرخستنی دۆڕاندنی هەردوولا، كە ئەنجامێكی بۆ كازمی و فەرماندەكانی حزبوڵایش مایەی رەزامەندی بوو، بۆیە ئەو هێرشەی كازمی، پێوانەكردنی كاردانەوەی میلیشیاكان و پێشاندانی هێز بوو بەوەی دەتوانێت دەستی پێیان بگات و سوورە لەسەر داماڵینی چەكەكانیان.       



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل