هۆشداری بە هاووڵاتییان و شوفێران دەدرێت

:: AM:08:56:05/07/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات لە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و داوایان لێ دەكات ڕاستەوخۆ بەرتیشكی خۆر نەكەون.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز، لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر هاتووە، هاووڵاتییان ئاگەداردەكەینەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پلەكانی گەرما بەرز دەبێتەوە، بۆیە دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لە بەركەوتنی ڕاستەوخۆی تیشكی خۆر.

بەرگریی شارستانی هەولێر روونی كردووەتەوە، شوفێرانیش دەبێت پێڕەوی رێنوێنییەكان بكەن بۆ ئەوەی دووربن لە ڕووداوی ئاگركەوتنەوە، ئەوەیش بە جێبەجێكردنی چەند ڕێنوێنییەك لەناو ئۆتۆمبێلەكانیان.

بۆ ئەوەی دووربن لە ڕووداوی ئاگركەوتنەوە، ئەوەیش بە جێبەجێكردنی چەند ڕێنوێنییەك لەناو ئۆتۆمبێلەكانیان
بەرگریی شارستانی داوای كردووە، مادە گازییەكان و شووشەی بۆن و چەخماخی ئاگر و خواردنەوە گازییەكان و پاتریی ئامێرەكان بە هەموو جۆرەكانیانەوە لەناو ئۆتۆمبێل جێنەهێڵن.

باس لەوەش كراوە، نابێت جامی ئۆتۆمبێلەكانیان بەتەواوی دابخرێن و  نابێت تانكی بەنزینی ئۆتۆمبێلەكان بەتەواوی پڕ بكرێن، دەبێت لەكاتی شەواندا بەنزین لە ئۆتۆمبێلەكان بكرێت و نابێت بە كاتی بەیانیان گەشت بە ئۆتۆمبێلەكان بكرێت، نابێت هەوای تایەی ئۆتۆمبیلەكان زیاد لە پێویست پڕ بێت، بە تایبەت لەكاتی گەشتكردن.

بەرگریی شارستانی لەبارەی خشۆكە زیانبەخشەكان هۆشداری داوە و دەبێ هاووڵاتییان ئاگاداری مار و دووپشك بن، چونكە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما ئەو زیندەوەرانە بۆ دۆزینەوەی شوێنی فێنك روو لە ماڵەكان دەكەن.

لە كۆتایی ئاگەدارییەكەدا هاتووە، پێویستە هاووڵاتییان دوور بكەونەوە لە بەركەوتنی راستەوخۆی تیشكی خۆر، بە تایبەت لە ماوەی نێوان سەعات 10ـی بەیانی تا سەعات سێی پاش نیوەڕۆ.



وشە - رامیار جەواد