بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچە كوێستانییەكان بە تایبەت لە وەرزی هاویندا، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین لە سنوورەكانی ئێران نزیك نەبنەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز، عەبدولوەهاب مەحموود بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ساڵانە پێش ئەوەی شوانكاران و هاووڵاتییان بچنە ناوچە كوێستانییەكان، ئێمە هۆشدارییان پێ دەدەین لە ناوچە سنوورییەكان و نزیك پێگە سەربازییەكان نزیك نەبنەوە.
پێویستە ئەو شوێنانەی لە پێگە سەربازییەكان نزیكن، شوانكاران بۆیان نەچن تا پارێزراوبن
بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران گوتی، پێویستە ئەو شوێنانەی لە پێگە سەربازییەكان نزیكن، شوانكاران بۆیان نەچن تا پارێزراوبن، هەروەها زۆر نیگەرانین بەو تەقەكردنانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە شوانكاران كراون.
باسی لەوەش كرد، ساڵانە ئێران و توركیا لەو شوێنانەی چالاكی سەربازییان هەیە و بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەكان، پێویستە هاووڵاتییانی ناوچە كوێستانییەكان هۆشیار بن و دوور بكەونەوە لەو شوێنانە.
شارەدێی حاجی ئۆمەران سەربە شارۆكەی چۆمانە، سنوورێكی بەرفراوانی جیۆگرافییە و لە رۆژهەڵاتی بریتییە لە سنووری شاری پیرانشاری ئێران كە بە زنجیرە چیای قەندیل درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری شارەدێی سەنگەسەری پشدەرایەتی سەربە پارێزگای سلێمانی كە دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شارۆكەی چۆمان، سنووری رۆژئاوای بەستراوەتەوە بە شارۆكەی سۆران و باشووری چۆمان بە سنووری شارەدێی سیدەكانی سەر بە شارۆكەی سۆران كۆتایی دێت.