جۆرێكی نوێ و مەترسیداری كۆرۆنا دنیای تەنیوە

:: AM:11:23:05/07/2020 ‌
دواین توێژینەوەكان ئەوەیان دەرخستووە كە جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتانی دنیا زاڵە كە لەگەڵ جۆری یەكەمی ڤایرۆسەكە جیاوازی هەیە و باشتر دەتوانێ هێڵی بەرگریی لەشی مرۆڤ تێكبشكێنێت.

زانایانی زانكۆی شفێڵدی بەریتانیا دەڵێن، گۆڕانكارییەكی خێرا لە ڤایرۆسی كۆرۆنا رووی داوە و جینەكانی ئەم ڤایرۆسە بەهێزتر بوون.

ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە D614G ناسراوە و هەرچەندە قەبارەكەی بچووكترە، بەڵام تیژترە و هۆكارە لەوەی خێراتر بتوانێت بچێتە ناو خانەكانی لەشی مرۆڤەوە.

سەرچاوەكە پێی وایە ئێستە زۆربەی وڵاتانی دنیا بە دەستی ئەم جۆرە ڤایرۆسەوە دەناڵێنن، زانایانی ئەمەریكاش لە زانكۆی كارولینیای باكور لە توێژینەوەكەدا بەشدارییان كردووە.

بەگوێرەی "شەفەقنا" دكتۆر توشان دی سیلوا پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەوكردن گوتوویەتی، هەر لە سەرەتاوە بەدواداچوونیان بۆ ڤایرۆسەكە كردووە و بۆیان دەركەوتووە ئەم جۆرە نوێیە زۆر مەترسیدارە لە یەكەم جۆری ڤایرۆسەكە كە لە دنیادا بڵاو بووەوە.

هەر بەپێی توێژینەوەكە، ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر حەز دەكات لە سەرەوەی سییەكان و سیستمی هەناسەی مرۆڤ بڵاو ببێتەوە، بەو پێیە خێراتر لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە .

پێویستە بگوترێ پێشتریش دكتۆر كارزان موحسین سەرۆكی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ "وشە" ئاماژەی دابوو، ئەو ڤایرۆسەی ئێستە لە كوردستان بڵاو بووەتەوە، جیاوازە لە جۆری یەكەم كە لە مانگی ئاداردا بڵاو بووەوە و ڤایرۆسەكە كاتێك خۆی لەگەڵ لەشی مرۆڤ دەگونجێنێت، بازنەی گواستنەوەكە بەرفراوانتر دەبێ لە كەسی یەكەمەوە بۆ كەسی سەدەم، ئەوا كاریگەرییەكانیشی مەترسیدارتر دەبێت.

بەگوتەی دكتۆر كارزان ئەم جۆرە ڤایرۆسە لە هی سەرەتاكان كوشندەترە، بۆیەش داوای لە هاووڵاتییان كردبوو باشتر رێنوێنییەكانی خۆپارێزی جێبەجێ بكەن.

لە هەرێمی كوردستان کۆرۆنا لە كۆتایی مانگی ئایارەوە زیادی كردووە
لە هەرێمی كوردستان تا نیوەی دووەمی مانگی ئایار خەریك بوو كۆرۆنا بە تەواوی كۆنترۆڵ بكرێت و تەنیا چەند كەسێك لە نەخۆشخانە مابوون، بەڵام لە كۆتایی مانگی ئایارەوە زیادی كردووە و پێشتر كە رۆژانە چەند كەسێك تووشی كۆرۆنا دەبوون، ئێستە بە سەدان كەس تووشی دەبن.

كۆی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە كوردستان گەیشتووەتە حەوت هەزار و 48 كەس، لەو ژمارەیە چوار هەزار و 288 كەس لە ژێر چاودێریدا ماون و 240 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.


وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 1136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌